ئێعدامەکان لە ئێران درێژەی هەیە

14:16 - 4 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی شەپۆلی ئێعدامەکان لە ئێراندا، ٥ هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی کەرج ئێعدام کران.

بەپێی ڕاپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ٥ هاووڵاتی لە زیندانی کەرەج ئێعدام کران.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو ٥ کەسە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکان بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، کە حوکمی ئێعدامەکەیان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.

شوناسی سێ کەس لەو زیندانیانە \"سەعید(حەسەن) پوور حەسەن، میلاد بیگلوو (قازی) و مێهرشاد کەلهۆری\" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری سەڵماس لە پارێزگای ورمێ، لە زیندانی سەڵماس حوکمی ئێعدامەکەیان بەڕێوەچوو.

ئەو هاووڵاتییانە بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بێ گوێدان بە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دیاردەی بازرگانی کردن و بەکار هێنانی ماددەی هۆشبەر و و کاریگەر نەبوونی لەسێدارەدانی وردە فرۆشیاران، و بە ئاوەڵا کردنی زیاتری دەستی مافیا زەبەلاحە دەوڵەتییەکان لەو پێوەندییەدا، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر لە زیندانەکاندا ئێعدام دەکات، کە ئەمەش نیگەرانیی چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی لێ کەوتووەتەوە، بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران، لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە هوشدار دراوەتە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران.