ئێعدامی ٨ کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە داعش و هێرش بۆ سەر مەجلیس

15:25 - 16 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، ٨ هاووڵاتیی کوردی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش و هێرش بۆ سەر مەجلیس و گۆڕی خومەینی لە شاری تاران، ئێعدام کرد.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ١٦ی پووشپەڕ، ٨ هاووڵاتیی کورد، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی تێرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراق ناسراو بە (داعش)، و هێرش بۆ سەر گۆڕی خومەینی لە سێدارە دران.

ئەو هەشت هاووڵاتییە کوردە سەر بە پاڕیزگای کرماشانن.

پایگای زانیاریگەیاندنی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری تاران رایگەیاند: ئەو ٨ هاووڵاتییەی بە \"هۆکاری سەرەکیی\"، کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئێرانی لە کاتی هێرش بۆ سەر مەجلیسی ئێران لە سێدارە داوە.

پێشتر بەرپرسی دادگای ئینقلابی شاری تاران، حوکمی ئێعدامی ئەو ٨ کەسەی بە تۆمەتی هێرش بۆ سەر مەجلیس و گۆڕی خومەینی لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کردبووەوە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاندبوو، حوکمی ئەو ٨ کەسە بە زووی جێبەجێ دەکرێت.