ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد لە پێش چاوی بیروڕای گشتی

16:29 - 20 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، کە تۆمەتی \"مۆحاربە\"ی وە پاڵ درابوو، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هێزە قەزایی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لاوێکی کوردیان بە ناوی \"فەردین.ر\" لە گۆڕەپانی \"ئازادی\"ی شاری کرماشان ئێعدام کرد.

ئەم حوکمە لە پێش چاوی بیروڕای گشتی و بە ئامادە بوونی خەڵکی ئاسایی بەڕێوەچوو.

ئەم ئێعدامە لە حاڵێکدا لە ڕاگەیەنەکاندا باسی لێوە دەکرێت کە هەواڵدەریی تەسنیم لە زاری لێپرسراوانی دەزگای قەزاییەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ ئەم کارە بە مەبەستی سازکردنی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی خەڵک ئەنجام دەدرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، تاوانی ئەم کەسە، دزی کردن لە زێڕینگەرییەکی شاری هەرسینە، کە دادگای شۆڕش تۆمەتبارەکەی بە \"موحارب\" ناساند و حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاندەوە.

لەم دزییەدا کە لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ساڵی٩٣ ئەنجام درا، هیچ کەس نەکوژراوە، بەڵام ٢ کەس لە خەڵکی ئاسایی بریندار کران.

پێشتریش دادگوستەریی کرماشان، باسی لە دەرکردنی حوکمی ٢٠ تا ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ ٢ کەسی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم ڕووداوە کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێعدام لە ئێراندا و لە دەوڵەتی \"تدبیر و امید\"دا ڕەوتی بەرەو هەڵکشانی پێواوە، بە چەشنێک کە هەنووکە ئێران پلەی دووهەمی جیهانیی بۆ لە سێدارەدان لە جیهاندا هەیە.