ئێعدامی دوو زیندانیی سیاسیی کورد و داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر سێ ناڕازیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزڵوەر، دژکردەوەی لێکەوتەوە

11:48 - 25 پووشپەڕ 2720

ژمارەیەک لە کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بەتایبەتی کاربەرانی "تویتێر" بە هەشتەگی "ئێعدام نەکەن" لە بەرامبەر لەسێدارەدانی دوو زیندانیی سیاسیی کورد و داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر سێ ناڕازیی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزڵوەری ساڵی ٩٨، دژکرەوەیان نیشان دا.

لەو پەیوەندییەدا شاعیری ناوداری کورد "جەلال مەلەکشا" لە ئینیستاگرام بە هەشتەگی "ئێعدام نەکەن" و هەروەها "حوسێن ماهینی" یاریزانی پێشووی یانەی پێرسپۆلیس، بە دوو هەشتەگی ئێعدام نەکەن، دژکردەوەیان بە ئێعدامکردنی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ و داسەپاندنی  حوکمی ئێعدام بەسەر سێ خوێندکار، نیشان دا.

هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی "تویتێر و ئینیستاگرام" بە هەشتەگی ئێعدام نەکەن، بەو شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان بەنیسبەت ئێعدامکردن و داسەپاندنی حوکمی ئێعدام بەسەر هاووڵاتییان نیشان داوە.

هەشتەگی "ئێعدام نەکەن" بووە بە گەرمترین "ترێند"ی جیهانی.

ئامانجی کاربەرانی توڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر لەو هەشتەگە، گەیاندنی  دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیانە بە بەرپرسانی ئێرانی.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ‌ زادە" خەڵکی مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران.