ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە پێش چاوی خەڵک، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵەی کردە قوربانی

23:07 - 10 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئێعدام کرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی جوانڕۆ، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە لەکاتی یاریی جۆلانەدا و دووپات کردنەوە حاڵەتی ئێعدام کردنی هاووڵاتیان، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند منداڵێکی خەڵکی گوندی \"کڵاشی لۆلم\" لە کاتی جۆلانەدا و لە کاتێکدا ویستوویانە حاڵەتی ئێعدام کردنی \"رەئوف مستەفایی\" هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە لە قاڵبی یاریدا دروست بکەنەوە، منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ بوویە قوربانی.

ناوی ئەو منداڵە \"مێهران یوسفی\" کوڕی ئیبراهیم و خەڵکی گوندی \"کڵاش لۆلم\"ی سەربە شاری جوانڕۆ راگەیەندراوە.

هەروەها ٣ ساڵ پێش ئیستا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە لە رووداوێکی هاوشێوەدا منداڵێکی کەم تەمەن بووە قوربانی.

کارناسانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە پێش چاوی خەڵک، بەر ئەنجامەکەی دووپات بوونەوەی ئەم جۆرە ئاکارانە لە کۆمەڵگەدا دەبێت کە بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان، پێشتریش لە پاش ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا منداڵێکی دیکە لە گەرەکەی شەریف‌ئاوای شاری سنە لە رووداوێکی هاوشێوەدا بووە قوربانی.

رەئوف مستەفایی هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ، ٣ رۆژ پێش ئێستا بە تاوانی کوشتنی هاووڵاتییەک بەناوی \"حاجی هادی\" لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ئێعدام کرا.