ئێعدام کرانی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە دیزڵ ئابادی کرماشان

23:14 - 5 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچەی پاوە لە ئوستانی کرماشان، پاش ٥ ساڵ زیندانی کران، لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان ئێعدام کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانان هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \" غەریب مورادى\" کوڕی عەلی و خەڵکی گوندی \"بلەیی\" سەر بە پاوە، لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو بە کوشتنی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"هەجیج\"ی سەربە شاری پاوە تاوانبار کراوە کە سەرئەنجام ئەمڕۆ سێشەممە ئەمڕۆ بە بڕیاری د ەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سێدارە درا.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ هاووڵاتییەکی تەمەن ١٨ ساڵەی کورد بەناوی \"ئارمان محەممەدی\" کوڕی ئەنوەر و خەڵکی شاری روانسەر بە تاوانی ئەنجام دانی قەتڵ پاش ٦ ساڵ زیندانی کران، لە زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی کرماشان لە سێدارە درا کە دەگوترێت ناوبراو لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا تەمەن ١٢ ساڵ بووە.

بەم پێیە لە ٥ رۆژی رابردوو ٤٢ هاووڵاتیی لە زیندانەکانی ئێراندا بە تاوانی جۆراوجۆر و بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران لە سێدارە دراون.