بۆجنوورد؛ مێهدی ڕۆستەمی، کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «مێهدی ڕۆستەمی»، لاوی ٢٥ ساڵانی کوردی کرمانج و لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانبار، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری بۆجنووردەوە بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بەبێ هەبوونی پارێزەر، سزای ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «مێهدی ڕۆستەمی»، لاوی ٢٥ ساڵانی کوردی کرمانجی خەڵکی «ئاشخانه» سەر بە خۆراسانی باکوور و لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانبار، کۆتاییەکانی پووشپەڕی ١٤٠٥، بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شارستانی بۆجنووردەوە، بە تۆمەتەکانی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» و «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندراوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ناوبراو مافی ناڕەزایەتیدربڕینی بەرانبەر بە حوکمەکە نەبووە و پێیان ڕاگەیاندووە ئەگەر ناڕەزایەتی دەرببڕێت، حوکمەکەی زیاد دەکات. هەروەها پێیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت لە کۆتاییەکانی گەلاوێژدا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکە، خۆی بە بەندیخانە بناسێنێت.
«مێهدی ڕۆستەمی» کۆتاییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، بەبێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترایەوە. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا، دەست و پێ بەستراو کەوتووەتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و بە چاوی بەستراوەوە بە زۆر پەڕەکانی لێپرسینەوەکەی واژۆ کردووە.
ئەم لاوە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. هەروەها لە تەواوی قۆناغەکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکەشدا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.