ئێعدام کرانی ٤ هاووڵاتیی کورد لە کرماشان و ئەردەبیل + ئاماری ئێعدام

17:19 - 18 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بە ئێعدام کرانی ٤ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی کرماشان و ئەردەبیل، ئاماری ئێعدام کراوانی کورد لە ئێڕان لە ماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوودا، گەیشتە ٢٤ کەس.

هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕ ٣ هاووڵاتیی بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە تاوانی ئەنجام دانی قەتڵ و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارە دران.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ١١ هاووڵاتیی کورد لە کرماشان ئێعدام کراون کە حوکمی ٣ کەسیان لەبەر چاوی خەلک و لە شوێنە گشتیەیکاندا بەڕێوە چووە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە لەکۆی ئەو ١١ ئێعدام کراوە، ٢ کەسیان ژن بوون کە لەزیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لە سێدارە دراون.

\"13807.jpg\"
ئاماری ئێعدام کرانی هاووڵاتییانی کورد لە زیندانی ورمێ

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٨ی پووشپەڕ هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری ورمێ لە زیندنای ناوەندیی شاری ئەردەبیل ئێعدام کرا.

لەلایەکی دیکەوە کاتژمێر ١٢ی شەوی پێنجشەممە رێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ ٤ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دەوروبەری ورمێ بەناوەکانی \"جیهاندار میرزایی، مێهراب میرزایی، ئیسماعیل بادویی، ساڵح قەرائەتی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئێعدام کران.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە ئێعدام کرانی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە، ئاماری ئێعدام کراوانی هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری ورمێ و گوندەکانی دەوروبەری لە ماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوودا گەیشتە ١٣ کەس.

بەپێی ئەو ئامارە ١١ هاووڵاتیی کورد تەنیا لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئێعدام کراون و ١ هاووڵاتیی کورد لە زیندانی شاری قەزوێن و هاووڵاتییەکی دیکەش لە زیندانی شاری ئەردەبیل لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاوبوونەتەوەلە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە هەتا ئیستا ٢١١ هاووڵاتی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەشێوەی نهێنی و بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئێعدام کراون.

لە کۆی ئەو ٢١١ کەسە ئێعدام کراوە ٢٠٣ کەسیان هاووڵاتییانی کورد و ٨ کەسیان هاووڵاتییانی تورک بوون کە بە تاوانی جۆراوجۆر لەز زیندانی ناوەندیی شاری ورمی لە سێدارە دراون.

\"13808.jpg\"
هاووڵاتییانی کوردی مەحکووم بە ئێعدام

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، هەنووکە ٣٠ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

سامان نەسیم زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان کە هاوینی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ مەنسوور ئاروەند بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، رێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ حوکمەکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشت‌ڕاست کرایەوە.

هەروەها بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا ٢٩ زیندانی مەزهەبیی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بە ئێعدام مەحکووم کراون کە ٢١ کەسیان حوکمەکانیان لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشت‌ڕاست کراوەتەوە.

بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا ئێعدام کران و ٢٣ هاووڵاتیی دیکەش لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە.