كێشەكانی ئیلام بە شێوەی ژێرخانی چارەسەر نەكراون/100 شوێنی رووداو خولقێن

14:37 - 11 سەرماوەز 2711
كوردپا: نەبوونی رێگاوبانی ستاندارد لە پارێزگای ئیلام كێشەی بۆ هاووڵاتیاە درووست كردووە و زیاتر لە 100 شوێنی رووداو خولقێن لەو پارێزگایەدا هەیە.

سەرەڕای سەردانی هەیئەتی دەوڵەت بۆ چەندین جار بۆ پارێزگای ئیلام و پەسەند كردنی هێندێ‌پرۆژە، هەتا ئێستا كێشەكانی ئەو پارێزگایە بە شێوەی ژێرخانی هەروا مانەتەوە.

نەبوونی رێگا و بانی ستاندارد، نەبوونی فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی، نەبوونی شەمەندەفەر و دوور بوونی لە ناوەند، لە هۆكارە سەرەكییەكانی پەرە نەگرتنی ئەو پارێزگایە دێنە ئەژمار.

بە وتەی لێپرسراوانی هێزی ئینتزامی پارێزگای ئیلام، هۆكاری سەرەكیی رووداوی هاتوچۆ لەو پارێزگایە نەبوونی رێگای ئوتووبانە.

هەواڵدەریی میهر بڵاوی كردەوە، لە حاڵی حازردا زیاتر لە 200 تەرحی درووست كردنی رێگا و بان لە قۆناخی جێبەجێ‌كردن دایە، بەڵام بە هۆی نەبوونی بەڕێوەبەری و كەمیی بودجە لە حاڵی راوەستاندا ماوەتەوە.

پرسێكی دیكەی ژێرخانی، گرینگ نەبوونی رێگای شەمەندەفەرە، هەرچەند لە سەردانی دەوڵەتدا ئەو تەرحە پەسند كرا، بەڵام هەتا ئێستا هەوڵی جێبەجێ‌كردنی نەدراوە.

عەلی غوڵام پوور كارناسی پرسە ئابوورییەكان لەو باوەڕە دایە، ئەو كێشانەی كە پێوەندییان بەرپرسی ژێرخانیەوە هەیە، بەمزوانە لە ئیلام ناچنە قۆناخی جێبەجێ‌كردنەوە، چونكە زیاتر لە سی ساڵە هیچ بۆ پڕۆژەیەكی گرینگ بۆ ئەو پارێزگایە جێبەجێ‌نەكراوە.