ئێرانییەکان لە \"ساختەکاریی زانستی\" ژمارەی پێوانەییان شکاند

16:57 - 13 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەیان وتاری ئێرانییەکان بە هۆکاری \"ساختەکاری و دەستتێکەڵکردن\"، لە وەشانگە باوەڕپێکراوەکانی جیهان سڕدراونەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە ٢٨٠ توێژەری نیشتەجێ ئێران دەستیان لە دانانی ٥٨ وتاری زانستی کە ساختەکارییان سەلمێندراوە هەبووە.

تۆمەتی دزین و ساختەکاری ئەو نووسراوە بەناو زانستییانە لەلایەن دامەزراوە باوەڕپێکراوەکانی \" بیوومێد سێنتراڵ (BioMed Central)\" و \" ئسپرینگێر (Springer Publishing)\" سەلماوە.

بڵاوکراوەی زانستیی \"نەیچێر\" وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو ڕاپۆرتە، دەنووسێ: ٤٩ وتاری دیکەی ئێرانییەکان بە ئەگەری \"ساختە و دەستتێکەڵکردن\" خەریکی پێداچوونەوەن.

ئێران لە بیاڤی زانست و تەکنەلۆژی لەڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە ساختەکاریی زانستی لە سەرێدایە.

هەروەها باس لەوەکراوە کە سڕینەوەی وتارەکان تەنیا بۆ \" چاککردنی پێشینەی زانستی\" بووە و بە مانای دەست تێدابوونی ڕاستەخۆی ئەو توێژەرانە لە نووسینی وتارەکاندا نییە.

بڵاوکراوەی ساینس زستانی دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ساختەکاریی زانستی لە ١٥% وتارە بڵاوکراوەکانی ئێران کردبوو.

کۆمەڵناسان ڕایدەگەینن کە سیستەمی زانستگە و زانست لە ئێراندا تووشی لادان بووەتەوە و باسی عیلمی، لێکۆڵینەوە، ISI و... لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت.