ئێران/ ٧٥%ی زیندانیانی تاوانبار کراو بە\"مو‌حاره‌به\"، كوردن

16:23 - 3 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوێکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد بەشداریی لە کۆنگرەی جیهانیی دژ بە لەسێدارەدان لە ئۆسلۆ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیستوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە شەشەمین کۆنگرەی جیهانیی دژبە ئێعدام، پانێلێک بۆ دۆخی هەنووکەیی ئێران و سزای لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد تەرخان کرا.

ئەم دانیشتنە لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ بەڕێوەچوو کە لەوێدا تەیموور ئەلیاسی وەک نوێنەری ئەو ڕێکخراوەیە وتارێکی لەژێرناوی \" گەڕانەوەی ئێران بۆ نێو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و پرسی لە سێدارەدان\" پێشکەش کرد.

لەو وتارەدا وێڕای شڕۆڤەی یاسا و ڕێسای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کۆمەڵێک داتا و ئاماری پێوەندیدار بە هاووڵاتییانی کورد خرانەڕوو.

بەوتەی ئەلیاسی، له‌ كۆی ١١٥٠ زیندانیی سیاسی له‌ ئێراندا، زیاتر له‌ ٥٠٠ كه‌سیان كوردن و ٧٥ ده‌رسه‌دی زیندانیانی مه‌حكووم به‌ سزای مو‌حاره‌به لە پێکهاتەی کوردن.

تۆمەتی موحارەبە زۆرجار لەگەڵ ناونیشانی \"افساد فی‌الارض\" دێت و حکوومەتی ئێران بەهەزاران کەسی بەو ناونیشانە لەسێدارە داوە و ئەم تۆمەت دراوەتە پاڵ زۆرێک لە چالاکانی سیاسی و ڕەخنەگری نەتەوکانی ئێران.

هەروەها بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەکە؛ لەسەدا نەوەد و پێنجی ئێعدامە نهێنییەکان لەو ناوچانە بەڕێوەدەچێت کە شوێنی نیشتەجێ بوونی نەتەوەکانی غەیرە فارسن.

فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی جڤاتگەلی مافی مرۆڤ سەبارەت بەو کۆنگرەیە و ڕێژەی ئێعدامەکان ڕایگەیاندووە کە؛ دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینی‌دا، ١٦٣٤ کەسی لەسێدارە داوە و بۆ ١٩٩٨ کەسیش سزای لەو شێوەی بڕیوەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، باس لە بێبەشیی نەتەوەکانی ئێران لە دەسەڵاتی ڕاستەقینە کرا و ڕاگەیەندرا: خوێنده‌وه‌ی ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تیی ئێران، وه‌ك ئه‌شكه‌نجه‌ كردنی مێشك وایه‌، ماده‌ی یه‌ك شتێك ده‌ڵێت و ماده‌ی دوو ڕه‌دی ده‌كاته‌وه‌ و پڕه‌ له‌ قانوونی ناڕوون و پڕ كێشه‌ و ده‌بێت سه‌رله‌ نوێ بنووسرێته‌وه‌.

هەرلەو کۆنگرەیەدا، باس لە هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر پۆلێک پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک شاری شنۆ، کوشتنی زیاتر لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو و نەگونجانی سیستمی کۆماری ئیسلامی دەگەڵ دێموکراسی و ڕێفۆرم کرا.

کۆنگرەی شەشەمی دژ بە لەسێدارەدان لە پێتەختی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەسایەتی یاسایی، سیاسی و چالاکی مەدەنی لە ٨٠ وڵاتی جیهاندا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ( ١ تا ٣ پووشپەڕ) تاوتوێی سزای ئیعدامیان کرد.

لە ماوەی ئەو ٣ ڕۆژەدا، کۆنگرە توانی دوو کۆبوونەوەی گشتی لە گەڵ ٦ پانێل، ٦ وۆرکشۆپ و چەندین کۆبوونەوەی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ بۆ بەشداران ڕێک بخا. وێرای ئەو خاڵانەی سەرەوە، کۆنگرە ژمارەیەک چالاکیی کولتووری وەک پیشاندانی فیلم، پێشکەش کردنی مووزیک و گۆرانی و سەمپوزیومێکی ئەدەبی بەڕێوە برد.

کۆنگرەکە بە خۆپیشاندانێکی گشتی بە بەشداریی بەشدارانی کۆنگرە و بەشێکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ کۆتایی پێهات.

لینکی پیوه‌ندیدار:
لە ئوسلۆ کۆنگرەی جیهانی دژی ئیعدام بەڕێوە دەچێت

\"کنگره

\"گنکره