ئێران/ لە ٨ مانگی ئەمساڵدا یەک هەزار و ٢٥٨ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە

10:53 - 23 بەفرانبار 2720

یەک هەزار و ٢٥٨ کەس، لە ٨ مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا لە ئێران، بەهۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە کە بەنیسبەت ساڵی ٩٨، لەسەدا ٣.٩ زیادی کردووە.

ئیدارەی گشتیی پەیوەندییە گشتییەکان و کاروباری نێونەتەوەیی ڕێکخراوی پزیشکیی یاسایی ئێران، ڕایگەیاندوووە: "لە ٨ مانگی سەرەتای ساڵی ٩٩، هەزار ٢٥٨ کەس بە هۆکاری ڕووداوی کار گیانیان لەدەست داوە وئەم ئامارەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٨، کە هەزار و ٢٠٥ کەس بوون، لە سەدا ٣.٩ زیادی کردووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە، لە کۆی گشتیی ئەو کەسانەی بە ڕووداوی کار لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەست داوە یەک هەزار و ٢٣٥ کەسیان پیاو و ٢٣ کەسیشیان ژن بوونه، ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕێژەی پیاوانی گیان لەدەستداو بەهۆی ڕووداوەی کار لە ٨ مانگی ڕابردووی ساڵی ٩٨، یەک هەزار ٢٠٥ کەس پیاو و تەنیا ٦ کەسیان ژن بوونه.

لە ماوەی ئەو ٨ مانگەدا، پارێزگاکانی تاران بە ٢٢٧ حاڵەت، تەورێز بە ٩٠ حاڵەت و خۆراسان بە ٨٥ حاڵەتی زۆرترین ڕێژەی گیان لەدەستداوانی کاریان هەبووە و پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری بە ٧ حاڵەت، کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد بە ٥ حاڵەت و بووشێهر بە ٢ حاڵەت، کەمترین حاڵەتی گیان لەدەستدان بە ڕووداوی کاریان هەبووە.

بەربوونەوە لە بەرزایی ٥٣٨ حاڵەت کە دەکاتە لەسەدا ٤٢، بەرکەوتنی شتی قورس ٣٠٤ حاڵەت کە دەکاتە لەسەدا ٢٤.٢% و زۆرترین ئاماری گیان لەدەستداوانیان هەبووە.