ئێران/ لە ٩ مانگدا ١١٩٨کرێکار گیانیان لەدەست داوە

14:43 - 15 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٩مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە هەزار کرێکار بە هۆی نەبوونی دڵنیایی کارەوە، گیانیان لەدەست داوە.

رێکخراوی \"پزشکی دادوەری\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا، نزیکەی ١٢٠٠ کرێکار لە ئێران، بە هۆی نەبوونی دڵنیایی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی گشتیی ئەو ١١٩٨ کرێکارە، ١١٨٨ کەسیان پیاو و ١٠ کەسیشیان ژن بوون.

لەو ١١٩٨ کرێکارە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا، گیانیان لەدەست داوە، ٥٢٦ حاڵەتی کەوتنە خوار لە بەرزاییەکان، ٢٥٧ی بە هۆی بەرکەوتنی کەرەستەی قورس لە جەستەیان، ٢٠٢ حاڵەت بە هۆی بەرق گرتوویی و ٤٥ کەس بە هۆی سووتمانەوە، ٥٣ کەسیش بە هۆی کەمیی ئۆکسیژن و ١١٥کەسی دیکەش بە هۆکاری جۆراوجۆر بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار.

گیان لەدەستدانی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کارەوە، زۆرتر لە وەرزی هاوین‏دا ڕوو دەدات و ڕۆژانە ٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کارەوە لە ئێران گیانیان لەدەست دەدەن.

پارێزگاکانی تاران، خۆراسانی ڕەزەوی، ئیسفەهان و مازندەران، زۆرترین حاڵەتی ڕووداوی کاری لێ‏ دەکەوێتەوە.