ئێران/ فرۆشتنی ئەندامانی لەش بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان

15:08 - 17 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هەژاری و بێکاری لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێت و بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بۆ داین کردنی بژیوی ژیان پەنا بۆ فرۆشی ئەندامانی لەشیان دەبەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فرۆشتنی گورچیلە، جگەر، منداڵدان، گیانەمەژگ (مغز استخوان) ئەو تەبلیغاتانەن کە لە سەر ماڵپەڕەکان و لە شوێنە گشتییەکاندا بە شێوەیەکی بەرین بەرچاو دەکەون و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو دیاردەیە بەهۆی هەژارییەوە گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی.

پێشتر حەسەن مووسەوی بەرپرسی ئەنجومەنی (یارمەتیدەرانی کۆمەڵایەتیی ئێران) سەبارەت بە هۆکاری فرۆشتنی ئەندامانی لەش بە (تهران امروز)ی راگەیاندبوو: \" ئەگەر هەژاری و کێشە ماڵی لە گۆڕێدا نەبێت، هیچ کەسێک ئامادە نییە گورچیلە و ئەندامانی لەشۆ خۆی هەڕاج بکات\".

هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە فرۆشیارانی گورچیلە لەبەر دەستدا نییە، بەڵام مستەفا قاسمی، بەرپرسی ئەنجومەنی خێرخوازیی پشتیوانی لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی گورچیلە بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندبوو: بە شێوەی نێونجی لە هەمبەر کەسێکی خوازیاری پەیوەندی گورچیلە، چوار کەس گورچیلەکانیان دەفرۆشن.

ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی، لە وڵاتانی ئورووپایی ئەگەر کەسێک بیهەوێ پەیوەندی گورچیلە ئەنجام بدات، دەبێ بۆ ماوەی ١٢ هەتا ١٧ ساڵ چاوەرێ بکات، کە ئەو پەیوەندەی بۆ ئەنجام بدرێت و زۆر کەس لەو ماوەیە تێپەڕ دەبێت و بەهۆی دیالیزی بەردەوام گیانی لەدەست ئەدات.

لە رۆژانی رابردوودا ماڵپەڕی (دانا) راپۆرتێکی بڵاو کردبووەیەوە، کە تیایدا لەگەڵ چەند کەسێک لە فرۆشیارانی گورچیلە چاوپێکەوتنی کردبوو، کە لە نێوانیاندا کەسێک بەناوی ساعی تەمەن ٢٩ ساڵ رایگەیاندبوو، \"لەبەر ئەوەیکە ساڵی داهاتووی خوێندن کچە تەمەن ٦ ساڵەکەم دەچیتە بەر خوێندن، و باری ئابووریم باش نییە، بە ناچاری گورچیلەکەم دەفرۆشم\".

بە سەرنجدان بە تێکڕای ئەو ئەو نووسراو و تەبلیغاتانەی کە بۆ فرۆشی گورچیلە، لە سەر دیوار و لە شوێنە گشتییەکاندا داندراون، سەرجەمیان بەهۆی هەژارییەوە روویان لە فرۆشتنی گورچیلەکانیان کردووەو رۆژانە دەیان کەس بە بڵاو کردنەوەی نووسراوە و ژمارە تەلەفۆن لە شوێنە گشتییەکان خوازیاری فرۆشتنی ئەندامانی لەش و گورچیلەکانیانن.