ئێران/ سەرێکی تەڵاق دەگاتەوە دەوڵەت

17:09 - 24 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: لە شەوڕۆژێکدا، ١٦٠ حاڵەتی جیابوونەوە لە نووسینگەکانی وڵات تۆمار دەکرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە ١٢ ساڵ لەمەوبەرەوە یاسای ئاسانکاریی هاوسەرگیری لە بێ‌ئاسۆیی‌دا هێشتووەتەوە.

بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس وێڕای دانی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: لەهەر ٩ خۆلەکدا، جیابوونەوەیەک (طلاق) لە وڵاتدا ڕوو دەدات.

وتەکانی سەلمان خودادادی هەروەها لەبەرگرەوەی ئەو خاڵەشە کە؛ دەوڵەت \"تەنیا بە جێبەجێ کردنی چەند بڕگە\"، یاسای ئاسانکاریی هاوسەرگیریی لە ساڵی ١٣٨٤وە ڕاگرتووە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە؛ بانکەکان لە پێدانی ئاسانکاریی هاوسەرگیری دەستی دەستی بە خەڵک دەکەن و هەربۆیەش هاوژینەکان لە وەرگرتنی ئەو \"قەرز\"ە پەشیمان دەبنەوە.

خودادادی سەبارەت بە کەمخایەنیی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ٥ تا ٧ ساڵەوە بۆ ٣ تا ٥ ساڵ، تەنیا \"بەداخبوون و نیگەرانیی\" خۆی دەربڕی.

لەئێستادا زیاتر لە دوو میلیۆن و حەوسەد هەزار ژن لە ئێراندا، سەرپەرستیی بنەماڵەکانیان لەئەستۆیە.

پێشتریش سەرچاوە فەرمییەکان ڕایانگەیاندبوو کە؛ لەپێش ساڵی ١٣٩٤ لە هەر پێنج هاوسەرگیری، یەکیان دەگاتە جیابوونەوە، بەڵام لە ساڵی ٩٤دا ئەو ڕێژەیە لە ٤.٤ هاوسەرگیری یەکیان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە.