ئێران/ تێلێگرام و ئیمۆ کەوتنە بەر تێخی سانسۆر

19:51 - 26 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای وتەی هێندێک لە بەرپرسانی پایەبەرزی ئێرانی، دوو بەرنامەی ئەپلیکێیشێنی جیلی نوێ بۆ بەکارهێنەرانیان فیلتێر کراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەکارهێنەرانی ئێرانیی دوو پرۆگرامی تێلێگرام و ئیمۆ، لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونەتەوە و پرۆگرامەکانیان لە ئینتێرنێت داخراوە.

لە ئێستادا ماڵپەڕی تێلێگرام لە ئینتێرنێت داخراوە و بەکارهێنەران تەنیا لە سەر مۆبایل و یان لە ڕیگای دژە فیلتێرەوە دەتوانن سەردانی ئەو بەرنامەیە بکەن.
کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ئەو بەرتەسک کردنەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆشدارەکانی سپای پاسداران و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە بۆی نێردراون ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کێشە لە \"DNS\"ی پرۆگرامی ئیمۆ، بەکارهێنەرانی ئەو بەرنامەیە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کەڵکی لێ وەربگرن.

هێندێک لە هەواڵەکانیش باس لە کێشە لە نێو پرۆگرامی BeeTalk دەکەن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، باسی لە دزەی دوژمن کردبوو کە لە لایەن دام و دەزگاکانی نزیک لە بەیتی ڕێبەری، بە دزەی دوژمنان لە دونیای مەجازی و شەڕی نەرم ناودێر کراوە.

لە کۆتایی مانگی ڕەزبەردا، ماڵپەڕی \"مرداب\" سەر بە ناوەندی توێژینەوەی تاوانە ڕێکخراوەکانی سپای پاسداران، نیسبەت بە کەڵک وەرگرتنی بەرینی بەکارهێنەران لە تێلێگرام هۆشداری دابوو. هۆشدارێک کە نیەتی دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی دەر دەخات.

دوابەدوای دژایەتیی ڕواڵەتیی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید لەگەڵ فیلتێر کردن لە ئێراندا، ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەستیان کرد بە لەکار خستنی بەرەبەرەی ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتە نیوە فەرمییەکان،دوای لەکار خستنی تێلێگرام، ڕێژەی بەکارهێنەرانی پرۆگرامی ئیمۆ لە ئێراندا زیادی کردووە و هەتا ئێستا زیاتر لە ١٥ میلیۆن جار لە گووگێڵ داونلۆد کراوە.