ئێران و چین پێشەنگی لەسێدارەدان لەجیهان

14:23 - 11 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: ریکخراوێکی مافی مرۆڤ لەوڵاتی ئیتالیا لەراپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی ئیران و چین زۆرترین حوکمی لەسێدارەدانیان لەساڵی ٢٠١٤دا جێبەجێ کردووە.
بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەراپۆرتەکەی ئەو رێکخراوەیەدا هاتووە، تەنیا لەئێران لەساڵی ٢٠١٤ دا زیاتر لە ٨٠٠ کەس لەسێدارە دراون و لەوڵاتی چینیش ١٢٠٠ کەس بە دارەوە کراون.

رێکخراوی\"نسۆنۆ توچینی کائینۆ\" کە چالاکییەکانی لە بیاڤی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە جیهان دایە بڵاوی کردووەتەوە، ئێران و چین رێکورداری ئێعدام لە جیهان دان.

ئەو رێکخراوە ئیتالیاییە ئەوەشی خستووەتەڕوو لەساڵی ٢٠١٤دا لانی‌کەم ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس لە ٢٢ وڵاتی جیهاندا لەسێدارە دراون.

لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لەپاش ئێران و چین، وڵاتی پاکستان بە ١٧٤ حاڵەتی لەسێدارەدان پلەی سێهەمی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

کەمترین حاڵەتی لەسێدارەدان لەجیهان لەوڵاتی ژاپۆن رووی داوە و ئەو حکوومەتە لەساڵی ٢٠١٤ و نێوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا تەنیا ٤ کەسی لەسێدارە داوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەوبەریش رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥دا، ٦٩٤ کەس لەئێران لەسێدارە دراون.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەکۆی گشتی لەسێدارەدراوەکانی ساڵی ٢٠١٥، ٣٩ کەسیان هاووڵاتی کورد بوون.

هەر لەو ماوە زەمەنییەدا چوار زیندانی سیاسی کوردیش بە ناوەکانی سابیر موخەلید ماوانە، عەلی و حەبیب ئەفشاری و مەنسوور ئاروەند حوکمی سێدارەدانیان بەڕێوە چووە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەش کردبوو کە ئەگەری ئەوە هەیە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ رێژەی لەسێدارەدانەکان لەئێران بگاتە هەزاران حاڵەت.