ئێران لە بەرامبەر گیرانی سەربازێكیدا شۆفێرێكی كوردی عێراقی بە بارمتە گرتووە

13:52 - 4 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: دوابەدوای دەستبەسەر كردنی سەربازێكی ئێرانی لە هەرێمی كوردستان، هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئێران شۆفێرێكی كوردی دانیشتووی هەرێمی كوردستانیان لەبری ئەو سەربازە بە بارمتە گرتووە.

چەند رۆژ لەمەوبەر یەكێك لە هێزەكانی ئێران لە حاڵێكدا لە ناوچە سنوورییەكان لە دەورووبەری خانەقین سەرقاڵی وێنەگرتنی بنكە نیزامییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كرا.

ماڵپەڕی هاووڵاتیی بڵاوی كردەوە، گومانی ئەوە هەیە ئەو ئێرانییە بۆ كاری سیخوڕی هاتبێتە سنووری خانەقین و لە حاڵی حازردا لێپێچینەوە لەو سەربازە بەردەوامە.

لە هەمان كاتدا حكوومەتی ئێران شۆفێریكی كوردی دەستبەسەر كردووە و رایگەیاندووە هەتا ئەو سەربازە ئازاد نەكرێت ئەو شۆفیرە لە زینداندا دەبێت.

سەرچاوەكە لەزاری فەرماندەی لیوای هەشتی پاسەوانی سنوورەوە بڵاوی كردەوە، ئێمە هەموو هەوڵەكانمان بۆ ئازاد كردنی ئەو هاووڵاتییە كوردە وەگەڕ خستۆوە و مەرجی حكوومەتی ئێرانیش، ئازاد كردنی ئەو سەربازەیە.