ئێران له‌ سنووره‌کانی کوردستانه‌وه‌ که‌لوپه‌لی دژه‌ شۆڕش هاورده‌ ده‌کات

14:32 - 31 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش زیادبوون و پێكهاتنی بەربەستە نێودەوڵەتییەكان و تەنگتر بوونەوەی ئاڵقەی گەمارۆكان، حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا بە مەبەستی دابینكردنی كەلوپەلی دژە شۆڕش، سنوورەكانی كوردستانیشی كردۆتە مەیدانی تەراتێنی خۆی.

راپۆرتێك لە هاوردەی نافەرمیی ئێران لە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپاوە:
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەواڵنێرانی ئاژانسی كوردپا لە پێوەندی لەگەڵ هاوردەی نافەرمیی كەلوپەلی دەژە شۆڕش (باتۆم، قەڵغان، كڵاو) لە رێگا نافەرمییەكانەوە بۆ ناو خاكی ئێران چەندین راپۆرتیان هەناردووە.

هەواڵنێری كوردپا لە شاری سنووریی بانە و لە یەكێك لە راپۆرتەكانیدا و بە پشت بەستن بە زانیاریی خەڵكی خۆجێی ئەو ناوچەوە رایگەیاند: سپای پاسدارانی ئێران بە شێوەی قاچاخ و لە رێگای هێندێ‌ بازرگانەوە، دەستی داوەتە هاوردەی كەلوپەلی دژە شۆڕش لە وڵاتی چینەوە.
\"5768.jpg\"
یەكێك لە سەرچاوە ئاگادارەكان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە: سپای پاسدارانی ئێران لە رێگای هێندێ‌ لە بازرگانی نایاساییەوە كەلە وڵاتی چینەوە سەرقاڵی بازرگانیی شتومەكی جۆراوجۆرن، كەلوپەلی جۆراوجۆریان هێناوەتە ناو خاكی ئێرانەوە كە \"باتۆم، كڵاوی خود و قەڵغانی دژە شۆڕش\"ی پۆلیس لەو كەلوپەلانەن.

بەهۆی هەستیار بوونی مەسەلەكە و هەروەها كەش و دۆخی ئەمنیەتی و پۆلیسیی تایبەت لە كوردستان، سەرچاوەی ئاگادار نەیتوانیوە شیركەتی فرۆشیاری ئەو كەلوپەلانە شناسایی بكات.

گومانی ئەوە دەكرێت كە ئەم كەلوپەلانە لە بازارە غەیرە فەرمییەكان دەكڕدرێن و بۆ سنوورەكانی كوردستان دەگوازرێنەوە و هەر بەم بۆنەوە شیركەتی بەرهەمهێنەر و فرۆشیاری ئەو كاڵایانە نادیارن.

هاووڵاتییەكی ئاگاداری خەڵكی بانە لەم پێوەندییەدا دەڵێت: سپای پاسداران بۆ كڕێنی ئەم كەلوپەلانە، پێشتر پارەكەی دەداتە بازرگانە فرۆشیارەكان و بازرگانانیش، كەلوپەلە دژە شۆڕشەكان لە وڵاتی چین و لە رێگاگەلی نایاسایی خۆیان و لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەگەیەننە سنووری كوردستانی ئێران و لەوێوە ئەم كەلوپەلانە لە رێگای كانتینێرەوە بۆ تاران و شوێنەكانی دیكەی ئێران رەوانە دەكرێن.

\"5769.jpg\"
شایەتحاڵێك لەم بارەوە دەلێت: ئەم كانتینێرانە پاش باركردنی كەلوپەلەكان، بە تەواوەتی پولۆمپ دەكرێن و بە مۆڵەتی تایبەتیی سپای پاسداران بۆ شوێنێكی نادیار دەگوازرێنەوە.

لەمەڕ هاودرەی غەیرە فەرمیی لەم چەشنە، راپۆرت و زانیاریی دیكە لەبەر دەست دایە كە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست هەتا ئێستا لەلایەن ئاژانسی كوردپا بڵاو نەكراوەتەوە.

لە حاڵی حازردا لێپرسراوانی ئێرانی، عێراق وەك شەریكی پلە یەكی بارزگانیی خۆیان لە قەڵەم دەدەن.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و لە دیداری هێندێ‌ لە لێپرسراوانی عێراق و ئێران لە تاران، جێگری لێپرسراوی ستادی گەشەی ئابووریی ئێران و عێراق رایگەیاندبوو كە ئێستا عێراق، شەریك و هاوپشكی یەكەمی بازرگانیی \"كۆماری ئیسلامی\"یە و ئێمە دەبێ‌ لەراستای پەرەپێدانی دانوستانی بازرگانیماندا، ئالووێری بانكی و بیمەیی زۆر ئاسان و ئاشكرامان پێكەوە هەبێت.

ئەم لێپرسراوە ئابووریەی ئێران لەبارەی ئاستی پێوەندیی ئابووریی ئێران لەگەڵ عێراق رایگەیاندبوو كە، جیالە دانوستانە سیاسی و ناوچەیی كە لەگەڵ عێراق هەمانە، لە پێوەندی لەگەڵ پرسە ئابوورییەكان، عێراق یەكێك لە بازارە گرینگەكانی ئێمەیە و ئێمەش شەریك و دۆستی لەمێژینەی عێراق بووین و دەشمێنینەوە.

ئەمین شەریعەتی جێگری لێپرسراوی ستادی گەشەی ئابووریی ئێران و عێراق، رۆڵی ئەمڕۆی ناوچەی عێراقی زۆر گرینگ لە وەسف كردووە و باسی لە گەشە و پەرەپێدانی دانوستانە ئابوورییەكان لە ساڵی رابردوودا كردووە.

ئەم لێپرسراوە ئێرانە زیادبوونی 37%ی ئالووێری كاڵا لەگەڵ عێراق لە ئەمساڵ و بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو بە بەرەنجامی بێ‌ كاریگەر بوونی گەمارۆكان لە قەڵەم داوە.

لە رەوتی پەكخستنی گەمارۆكان بەدژی ئێران، سنوورە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق لەگەڵ ئێران، رۆڵێكی كاریگەرییان لە كەم كردنەوەی زەخت و گوشارەكان بەدژی حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا هەبووە.