سەوڵاوا؛ سام حەسەنی، منداڵی تەمەن ١٥ ساڵ بە تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووری گیانی لەدەست دا و باوکی بریندار بوو
ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ماشینی هاووڵاتییەک بە ناوی "ئەحسەن حەسەنی" لە ناوچەی "دەرە ئەسحابە" لە نزیک گوندی "دەرەکێ" سەر بە شاری سەوڵاوا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە کرایە ئامانجی تەقەی هێزەکانی هەنگی سنووری. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، ناوبراو بە سەختی بریندار بوو و کوڕە تەمەن ١٥ ساڵەکەی بە ناوی "سام حەسەنی" گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم بنەماڵەیە لە باخی خۆیان دەگەڕانەوە کە ماشینەکەیان کە لە جۆری ستەیشنە کەوتووەتە بەر دەستڕێژی گوللـەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی جێگیر لە گوندی "دەرەکێ". سام حەسەنی بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بە سەری، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و باوکی، ئەحسەن حەسەنی، قاچی بریندار بووە.
تەرمی سام حەسەنی بۆ ڕاییکردنی ڕێکارە یاساییەکان گوازراوەتەوە بۆ ساردخانەی نەخۆشخانەی بووعەلی لە مەریوان و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. ئەحسەن حەسەنی، باوکی ئەم منداڵەش ئێستا لە هەمان نەخۆشخانە خەوێندراوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.