بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان؛ ناڕوونیی ڕەهای چارەنووسی سرووش کەرەمی پاش تێپەڕبوونی ٦ مانگ و ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیدا تەنانەت یەک پەیوەندیی کورتیشی نەبووە
١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «سرووش کەرەمی»، لاوی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی کرماشان، کە حەفتەکانی ڕابردوو دوای مانگەکان دەسبەسەرکران لە شوێنێکی نادیاردا بە تۆمەتی «موحاربە» بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گوازراوەتەوە، هێشتا لە ژووری تاکەکەسیی بەندی ئەمنییەتیی ئەم بەندیخانەیەدا ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر گیان و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «سرووش کەرەمی»، لاوی تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی کرماشان، دوای گواستنەوەی لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان، تەنیا دوو کاتژمێر لە بەندی گشتیی ئەم بەندیخانەیەدا بووە و پاشان بۆ بەندی ئەمنییەتی و یەکێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەوێ گوازراوەتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێکی لێ نییە و بنەماڵە و کەسوکاری هیچ چەشنە زانیارییەکیان لەسەر گیان و چارەنووسی ناوبراو نییە. ناوبراو لە ماوەی شەش مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا، تەنانەت یەک پەیوەندیی چەند چرکەییشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و بنەماڵەکەی نازانن کە ئایا زیندووە یان گیانی لەدەست داوە.
کوردپا پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا ڕاپۆرتی دابوو کە «سرووش کەرەمی» کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کرماشان دەسبەسەر کرابوو و زیاتر لە پێنج مانگ هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نەبوو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بۆ بەندی ئەمنییەتیی بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان گوازراوەتەوە و تۆمەتی «موەحاربە»ی پێ ڕاگەیەندراوە. هەروەها دۆسییەی ئەم دەسبەسەرکراوە سیاسییە لە لقی ١٦ی لێکۆڵینەوەی کرماشان پێداچوونەوەی بۆ کراوە و لەم دواییانەدا بۆ پێڕاگەیشتنی دادوەری ڕادەستی یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی کرماشان کراوە.
کوردپا هەروەها پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە چلوسێیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی ڕەهای چارەنووسی سرووش کەرەمی، ڕایگەیاندبوو کە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵەی خەڵکی کرماشان، ئێوارەی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی جەماوەری لە گەڕەکی «مەسەکەن»ی کرماشان و سەرکوتی خوێناویی هاووڵاتییان و دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ ناوەند یان ئۆرگانێک وڵامدەری دۆخ و چارەنووسی ئەو نەبووە. ناوبراو لە تەواوی ئەم ماوەیەدا لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.