ئێران دانپێدانانی زۆرەملێی زیندانییەکی سیاسیی کوردی بڵاوکردەوە

14:41 - 22 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: تەلەفزیونی ئینگلیسی زمانی \"پرێس تی ڤی\" دانپێدانانی زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شاری کامیارانی بڵاو کردەوە، کە بە تۆمەتی کوشتنی چەند کەسێک لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت دەستبەسەر کراوە.

چەند ڕۆژ پێش، دەنگ و ڕەنگی ئینگلیسی زمانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە نیشان دانی دێکۆمێنتارێک بە ناوی\"رانندە مرگ\" بەشێک لە فیلمی دانپێدانانی تەلەفزیونیی لە زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی شاری کامیاران بڵاو کردەوە.

لەو فیلمە دێکۆمێنتییەدا کە نزیکەی ٢٠ خولەک دەبێت، دانپێدانانی بە زۆرەملیی زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی کامیاران کە لە هاوینی ئەمساڵەوە هەتاکوو ئێستا بێسەروشوێن بووە، بڵاو کراوەتەوە.

کاناڵی پرێس تی ڤی شوناسی ئەو زیندانییە سیاسیەی بە ناوی\"حەیدەر قوربانی\" کوڕی عەلی ڕاگەیاندووە و تۆمەتی هاوکاری کردن لە کوشتنی چەند کەسێکی سەر بە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت و پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی داوەتەپاڵی.

لە فیلمی دروستکراوی \"رانندە مرگ\"دا، کەهێندێک بەڵگەیان بۆ ساز کردووە، ئەو زیندانییە سیاسییە لە پێش بنەماڵەی کوژراوەکاندا نیشان دەدات، کە گوایە دان بە تاوانەکەیدا دەنێت، کە دەستی لە کوشتنی چەند کەسێکی سەر بە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری کامیاراندا هەبووە.

لە ماوەی ئەمساڵدا دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئیسلامی بە بەردەوامی حیزبە ئۆپۆزیسیونەکان و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە تاوانی کوشتنی دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کردووە.

لە سەرەتای دەسپێکی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران هەتاکوو ئێستا، دەزگای بەناو داد و قەزایی حکومەت و دەنگ و ڕەنگی پاوانکراوی دەسەڵات، بەردەوام لە دانپێندانانی زۆرەملی و بڵاوکردنەوەی ئەو بەناو دانپێندانانە لە تەلەفزیۆن و بڵاوکراوە حکوومەتیەکانەوە، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و سزادانی دەنگە ناڕازییەکان کەڵکیان وەرگرتوە.