ئێران خراپترین دۆخی ئازادیی ئینتێرنێتی لە جیهاندا هەیە

19:41 - 25 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەربەست و سانسۆری ئینتێرنێت لە ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک لە لایەن حکومەتی ئیسلامییە بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئازادیی ئینتێرنێت کە لە لایەن ناوەندێکی جیهانییەوە هەڵسەنگێندراوە، بە \"نائازاد\" وەسف کراوە.

ماڵی ئازادی لە ڕاپۆرتی ئەمساڵی خۆیدا ڕایگەیاند کە؛ ئێران و سووریه بە شێوەی هاوبەش بە پلەی ٨٧ وێڕای چین سێ وڵاتن کە لە ڕیزبەندیی خشتەی ئازادیی ئینتێرنێت‌دا، دوایین وڵاتەکانی جیهانن.

بەپێی پێوەری ماڵی ئازادی، باشترین دۆخی ئازادیی ئینتێرنێت، دەرەجەی (0) وەردەگرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی به دەستبەسەرکردنی چالاکانی ئینتێرنێتی، فیلتێرینگی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێشێلکردنی مافی بەکارهێنەران تاوانبار کردووە.

ماڵی ئازادی ڕاستەوخۆ دەزگای قەزایی و سپای پاسداران لە پێکهێنانی ئەو دۆخەدا بە بەرپرس دەزانێت.

لە دوای هەڵبژاردنە پڕ لە هەراوزەناکانی ساڵی ١٣٨٨، فیلتێری سیستماتیکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیس بووک و تویتێر لە ئێران دەستی پێکرد.

ماڵی ئازادی ساڵی ١٩٤١ی زایینی لە ئامریکا دامەزرا، کە ڕێکخراوێکی ناحکوومیە و بۆ داکۆکی لە ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادییە سیاسییەکان و مافی مرۆڤ کار دەکات.