٤٢٠ یەكەی بەرهەمهێنانی پارێزگای كوردستان داخراون

13:35 - 26 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لێپرسراوی ژووری پیشە، كانگا و بازرگانیی پارێزگای كوردستان رایگەیاندووە، لە كۆی هەزار یەكەی بەرهەمهێنان لەو پارێزگایە ٤٢٠ یەكەیان داخراون.

مەنسوور خاكسار، لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی مێهر ئاشكرای كردووە، ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی دراوی ئێران، داهاتی لە حاڵی گەڕانی پیشەسازی هەتا یەك لەسەر سێ‌ كەم بۆتەوە و ناوەندەكانی بەهەمهێنان توانایی كڕین و دابین كردنی مادەی خاو و پێداویستییەكانیان نیە.

بەرپرسی ژووری بازرگانیی پارێزگای كوردستان ئەوەشی خستۆتە روو هاوكاری و یارمەتی نەكردنی بانكەكان و لەسەرەوە بوونی قازانجی وامەكان، پرۆسەی كاریی ناوەندەكانی وەبەرهێنانی پەك خستووە و لە كۆی هەزار كەرتی بەرهەمهێنان ٤٢٠كەرتیان داخراون و كۆمەڵێكی بەرچاو كرێكاریش بێكار بوون.

ئەوەشی خستۆتە روو لە ساڵی \"بەرهەمهێنانی میللی، پشتیوانی لە كار و داهاتی ئێرانی\"، پاش تێپەڕینی ٩ مانگ لە پارێزگای كوردستان هیچ چەشنە هەنگاوێك لە راستای پشتیوانیی ماڵی لە كەرتەكانی بەرهەمهێنان ئەنجام نەدراوە.