یەكەم فێستیڤاڵی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردی (پرژە) لە كامیاران بەڕێوە چوو

14:36 - 27 رەشەمه 2711
كوردپا: یەكەم فێستیڤاڵی ناوچەیی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردی (پرژە) بە پێداگری لەسەر فەرهەنگ وێژەی كەلهوڕ، لە رۆژانی 24 و 25ی ره‌شه‌ممه‌ لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی و ئەدەبیی (شیوا)ی كامیارانەوە بەڕێوە چوو.

یەحیا سەمەدی شاعیر و چالاكی فەرهەنگی لە شاری سنە و یەكێك لە بەشدارانی فێستیڤاڵی \"پرژە\" لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا وتی: \" یەكەم فێستیڤاڵی ناوچەیی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردی (پرژە) لە كامیاران بە پێداگری لەسەر فەرهەنگ و وێژەی كەلهوڕ ماوەی دوو رۆژی خایاند كەلە دوو تەوەری شێعر و وتار و بە ئامادە بوونی ئەدیب و نووسەر و چالاكانی فەرهەنگیی شارە جیاجیاكانی كوردستانی ئێران بەڕێوە چوو\".

سەمەدی ئاماژەی بەوەش دا، لە بەشی شێعردا سەرجەم 285 شێعر و لە بەشی وتاریشدا 11 وتار گەیشتبوونە دەبیرخانەی فێستیڤاڵ كەلە ئەنجامدا 43 شێعر و 4 وتار بۆ خوێندنەوە هەڵبژێردران و چەند شاعێر و نووسەری دیاری بەشداری فێستیڤاڵی \"پرژە\" رێزیان لێنرا که‌ بریتی بوون لە: ساڵح سووزەنی، سیمین چایچی، محه‌مه‌د ره‌شیدئه‌مینی، گوڵاڵه‌ دروودیان، ئه‌حمه‌د فاتحی، جه‌میل مورادی، یەحیا سەمەدی، ئیرج عیبادی، سوەیلا محەممەدی و شیلان گیلانی\".

سەرەنجام لە بەشی شێعردا سێ‌كەس خەڵات كران كە بریتی بوون لە: هەرمان وەتمانی لە مەهاباد، لەیلا وەزیری لە سنە و ئەڵڵاموراد جەباریان لە كرندی كرماشان.

لە بەشی وتاریشدا سێ‌وتار بۆ خەڵات دەست نیشان كران كە نوسەرەكانیان بریتی بوون لە : فواد موزەفەری لە كەرەج، عەلی حاتەمی لە تاران و ئەمین رەحیمی نژاد لە گیلان غەرب.

لێژنه‌ی داوه‌رانی ئه‌م فێستیواڵه‌ بریتی بوون له‌: دوکتور نه‌جمه‌دین جه‌باری، دوکتور جه‌ماڵ ئه‌حمه‌دی، حه‌بیبواله‌ به‌خشووده‌.

یەكەم فێستیڤاڵی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ناوچەیی (پرژە) لە كامیاران بڕیار بوو ساڵی 1389 بەڕێوە بچێت كە دوا خرا، یەحیا سەمەدی چالاكی فەرهەنگی لە سنە هۆكاری ئەو دواخستنەی گەڕاندەوە بۆ ئەو بەربەست و لەمپەرانەی كە ئیدارە پێوەندیارە فەرهەنگییەكانی ححكوومەت لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بۆ چالاكییە ئەدەبی و رۆشنبیرییەكان پێكی دەهێنن.