یەگانی تایبەت لە کرماشان خانووی بە ٧٠ بنەماڵە چۆڵ کرد

20:42 - 1 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: بەشیک لە دانیشتونای شەهرەکی جەوادییەی کرماشان بەپشت بەستن بە یاسای ٥ ساڵ پێش ئێستا و پەسندکراوی دەولەتی ئەحمەدی‌نەژاد، بە ئیجباری لە ماڵەکانیان دەرکران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جێبەجێ کردنی ماددەی یاسایی پێڕاگەیشتن خانووبەرە سازمانییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ئیسلامی لە کرماشان، بێ خانەو لانە بوونی ٧٠ بنەماڵەی کوردی شەهرەکی جەوادیەی لێکەوتەوە.

رۆژی رابردوو یەگانی تایبەت بە بڕیاری ئیدارەی گشتیی رێگەو شارسازیی کرماشان، خانووی بە ٧٠ بنەماڵەی کورد چۆڵ کرد.

یەکێک لەو بنەماڵە کوردانە، وێڕای رەخنەگرتنێکی توند لەو بڕیارەو ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەوڵوێستی ناوەندە و مەئموورانی حکوموەتی لەم وەرزە ساردەی ساڵدا، رایگەیاندووە: \"من و ٦٩ بنەماڵەی کارمەندی دەولەت لەم خانوە سازمانییانەدا دەژین، کە ئەمڕۆ دەزگای قەزایی بڕیاری چۆڵ کردنی بۆ ئێمە دەرکردووە\".

بەپێی ئەو یاساییە کە ساڵی ١٣٨٨ پەسند کراوە، ئەگەر دانیشتوانی خانووە سازمانییەکان بۆخۆیان داوا بکەن، خانووەکان لەلایەن کارناسەوە نرخی بۆ دیاری دەرکرێ و پێیان دەفرۆشرێ.

\"22832.jpg\"
هەواڵدەریی ئیسنا لە راپۆرتێکدا باسی لە دەستەو داوێن بونوی ئەو بنەماڵە کوردانە کردووەو نووسیویەتی؛ ٧٠ کارمەندی دەوڵەت کە لە خانووە سازمانییەکانی شەهرەکی جەوادیەی کرماشان نیشتەجێن؛ لە ئێستادا لە ماڵەکانیان دەردەکرێن.

ئەو هەوالدەرییە لەزاری محەمەد حوسێن رەزایی، یەکێک لە دانیشتوانی خانووەکەوە بڵاوی کردۆتەوە؛ تەنانەت دادگا ریگەی بەو بنەماڵە کوردانە نەداوە کە بۆ داکۆکی لە خۆیان بچنە نیو دادگا و بەشێک لە دانیشتوانی خانووە سازمانییەکان بێ ئاگایی خۆیان لە فرۆشرانی خانووەکان راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە؛ بەرپرسی خانووەکانی میهری ئیدارەی رێگەو شارسازیی ئوستانی کرماشان هۆکاری چۆڵکردنی خانووە سازمانییەکانی شەهرەکی جەوادیەی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە، کە هیچکام لەو بنەماڵە کوردانە فۆڕمی سەوزیان پڕنەکردۆتەوە.

لێدوانی ئەو لێپرسراوە حکوومەتییە لە کاتێکدایە، کە سوهەیلا فەرەیدوونی یەکێکی دیکە لە دانیشتوانی ئەو خانووە سازمانییانە بە هەوالدەریی ئیسنای راگەیاندووە؛ \"ئەو ٢٠ بنەماڵەیەی کە من دەیانناسم، هەموویان فۆرمی سەوزیان پڕکردۆتەوە و کێشەی ئێمە نەبوونی گرێبەستە، کە وەزیری رێگەو شارسازی بەڵێنیی چارەسەرکرانی ئەو کێشەیەی پێداین\".

ئەم دۆخەی کە بەسەر دانیشتوانی شەهرەکی جەوادیەی کرماشاندا سەپاوە، لە کاتێکدای، کە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بەرپرسی گشتیی دەفتەری بەدواداچوونی ئوستانداری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ناوەندەکانی چاوەدێری باسی لە جێبەجێکرانی دروستی یاسا لەمەڕ دەستەبەربونوی مافی هاووڵاتییانی کرماشانی کردبوو.