یەکەکانی سێنفیی بازاڕییانی مانگرتوو لە شنۆ، پیرانشار و سنە پۆلۆمپ کران

14:00 - 12 رەزبەر 2722

پاش مانگرتنە سەرانسەرییەکانی ئەسناف و بازاڕییانی کوردستان سەبارەت بە مەحکوومکردنی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان، ئیدارەی چاوەدێر بەسەر شوێنە گشتییەکان، یەکەکانی سێنفیی بازاڕییانی مانگرتووی لە شارەکانی شنۆ، پیرانشار و سنەی پۆلۆمپ کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی چاوەدێر بەسەر شوێنە گشتییەکان، بازاڕییانی مانگرتووی لە شاری شنۆ بە "تەبانی لەگەڵ دژەشۆڕش" تۆمەتبار کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئیدارەی چاوەدێر بەسەر شوێنە گشتییەکانی پیرانشار، بازاڕییانی مانگرتووی بانگهێشت کردووە و بەڵێننامە بە نووسراوەی لێیان وەرگرتووە کە چیدیکە بەشداری لە مانگرتنەکان نەکەن".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە یەکەکانی سێنفیی ڕێژەیەکی زۆر لە بازاڕییانی سنە بەهۆی بەشداری لە مانگرتنە سەرانسەرییەکانی ڕۆژی شەممە ۹ی ڕەزبەر لەلایەن ئیدارەی چاوەدێر بەسەر شوێنە گشتییەکان پۆلۆمپ کراون.

ڕۆژی شەممە ۹ی ڕەزبەر، ڕێژەیەکی زۆر لە بازاڕییان و ئەسناف لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، مەریوان، دێولان، سەقز، پاوە، جوانڕۆ، بۆکان، سەردەشت، بانە، مەهاباد، نەغەدە، پیرانشار، محەممەدیار، ڕەبەت، کامێران، ئیلام، ورمێ و شنۆ پاش بانگەوازی حیزب و چالاکان سیاسی بۆ مەحکوومکردنی هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو حیزبانە دەستیان داوە مانگرتن و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.