یەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنی ئەدەبی هونەریی کوردستان لە شاری سنە دەستی پێکرد

21:42 - 7 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین دانیشتنی فەرمیی \"ئەنجومەنی ئەدەبیی هونەریی کوردستان\" بە بەشداری کۆمەڵێک شاعیر، نووسەر و چالاکانی فەرهەنگیی ئەو پارێزگایە لە هۆڵی سینەما بەهمەنی سنە دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ٦ی بەفرانبار کارگەی ئەدەبی و شێعری بواری هونەریی کوردستان بە پیشان دانی کۆمەڵێک بەرنامەی جۆراوجۆری هونەری و ئەدەبی لەلایەن شاعیران و نووسەرانی پارێزگای کوردستان، لە هۆڵی ژمارە ٣ی سینەما بەهمەنی شاری سنە کرایەوە.

سەرچاوەیەکی بەشداری ئەو دانیشتنە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: لەو دانیشتنە دا زۆر کەم بوار بە خوێندنەوەی شێعری کردی و لەکی درا و زۆربەی شێعرەکان فارسی بوون، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو جۆرە دانیشتنانە پەرە بە فەرهەنگ و ئەدەبی کورد نادەن و ناچنە خانەی خزمەت کردنەوە.

چالاکانی فەهەنگی و ئەدەبیی کوردی ناوخۆی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو جۆرە دانیشتنانە کە لەلایەن \"ئیدارەی فەهەنگ و ئیڕشادی ئیلامی\"یەوە رێک دەخرێن تەنیابە ئامانجی لاواز کردن و بەلاڕێدا بردنی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردییە.

لەو دانیشتنە دا کۆمەڵێک لە شاعیر، نووسەر و فەرهەنگیانی کورد وەک: \"کامبیز کەریمی، رەزا ئەمیری، لەیلا وەزیری، عەدنان بەرزەنجی، شیلان گیلانی، یەحیا سەمەدی، ناهید حوسێن پەناهی، کوورش جەلالی، کەژاڵ فیداکار، رەحیم لوقمانی و ئارەزوو نووری\" بەشدار بوون.

کارگەی ئەدەبی هونەریی کوردستان ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دامەزراوە و لەو ماوەیە دا هەندێک کۆڕە شێعر، کۆبوونەوەی رەخنەیی و دیالۆگی پێک هێناوە.
ماوەیەک پیش ئێستا كۆڕە شێعرێک بۆ پێنج شاعیر بەناوەكانی\"جەلال مەلەكشا، سەعید نەجاڕی (ئاسۆ)، رەحیم لوقمانی، كەریم دافعی (ك.د.ئازاد) و كەژاڵ فداكار\" رێك خرابوو، بڕیار بوو كاتژمێر 4ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ١٦ی سەرماوەز لە كتێبخانەی ناوەندیی شاری سنە بەڕێوە بچێت، بەڵام بەبێ‌ ئاگاداریی پێشوو لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و بەرپرسانی كتێبخانەوە پێشیان پێگیراو و دەرگای كتێبخانەیان لێ‌ داخستن.