یەکەمین تێکهەڵچوونی چەکداریی داعش لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە ورمێ

20:34 - 6 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە گوندێکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) هاتە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە رێکەوتی ٤ی خەرمانان، چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی روویان لە گوندی مەوانای سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کرد.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی مەوانا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی تێکهەڵچوونە چەکدارییەکە، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"دوو کەسی چەکدار کە جلوبەرگی رەشیان لەبەردابووەو ئاڵایەکی رەشی دەوڵەتی ئیسلامییان پێ بوو، ئێوارەی رۆژی سێشەممە هاتنە نێو گوندی مەوانا\".

ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: \" ئەو دوو کەسە، کە ریشی درێژیان هەبوو، خەڵکی ئەم ناوچەیە نەبوون\".

روونیشی کردەوە، \"ئەو دوو چەکدارەی داعش، کاتژمێر ١١ و نیوی شەوی سێشەممە هەتا کاتژمێر ١٢ لەگەڵ چەکدارانی بنکەی سوپای پاسدارانی گوندی مەوانا بەشەڕ هاتن و تەقەیەکی زۆریان کرد\".

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، هاتنی چەکدارانی داعش و بوونیان لە ناوچەکەدا ترسی لە رادەبەدەری لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

پێشتر و لە ناوچەی لەمەرگەوەڕی ورمێ، لەکاتی دەستپێکی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ عێراق، ئاڵای رەشی داعش لەسەر چەند لوتکەی شاخێک هەڵکرابوو.

بە گوتەی هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، لایەنگرانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، ئاڵای رەشی داعشیان لەسەر بینای چەند ماڵێکی گوندی \"نایسەر\"ی سەربە شاری سنە هەڵکردووە.