یەکەم ژنی کورد میداڵی زێڕی لە ڤستیڤاڵی پرێسپێکتیڤ، لە بواری وێنەگری بە دەست هێنا

15:09 - 13 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە وێنەگرێکی بە توانای کورد، لە ڤستیڤاڵی پرێسپێکتیڤ کە لە وڵاتی هیندوستان بەڕێوە چوو توانی بۆ یەکەمجار لە جیهاندا میدالی زێڕ بەدەست بێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئەوین عەباسی\" ژنە وێنەگری کورد بۆ یەکەمجار لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی پرسپیکیتۆکە بە بەشداری ٤٥ وڵات لە وڵاتی هیندوستان بەڕێوەچوو، توانی پلەی یەکەم بۆ خۆی لەو فێستیڤاڵي دەستەبەر بکات.

ناوبراو بە هۆی کاری هاوسەرەکەی هۆگری کاری وێنەگرتن دەبێت و لەساڵی ١٣٩٤ بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ کاری وێنەگری دەست پێکردووە.

ئەوین عەباسی تا ئێستا بەشداریی چەندین ڤستیڤاڵی نێونەتەوەیی بۆ وێنەگری کردووە، کە بریتین لە:ڤستیڤاڵی مەقدۆنیە،فیوژنی هیند،دونی باشووری بریتانیا، نەورۆزی تاجیکستان،PSA ئەمریکا، پێشانگای نێونەتەوەیی هەولێر و چەندین پێشانگای دیکەی ناوخۆی ئێران.

ئەوین عەباسی تەنیا ژنێکی کوردە کە ئەم خەڵاتەی بە دەست هێناوە.
ڤستیڤاڵی نێونەتەوەیی پرێسپێکتیڤی هیندوستان بە بەشداری زیاتر لە ٤٥ وڵات کە چەند بەشێکی جیاواز لە خۆدەگرێت، ئەم فێستیڤاڵە لەژێر چاودێری ئەنجومەنەکانی فدراسیۆنی نێونەتەوەیی وێنەگری فیاپ و ئەنجومەنی وێنەگری PSA بەڕێوە چووە.

وێنەی وێنەگران لە لایەن نوێنەری فیاب لە ئێران، وەرگیراون و ئاکامی ئەم ڤستیڤاڵە لە خەرمانانی ئەمساڵدا ڕاگەیەندراوە.

ئەوین عەباسی خەڵکی شاری بانە سەر بەڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٣٦٧ لە دایک بووە و لە زانکۆی پەیامی نووری سەقز بڕوانامەی حقووقی وەرگرتووە و لە ساڵی ١٣٨٧ ژیانی هاوبەشی لەگەڵ فیلمساز و دیکومێنتکار بەختیار عەباسی پێکهێناوە.