یەکەم چاوپێکەوتنی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو لەگەڵ بنەماڵەکەی

15:00 - 29 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی کوردی خەڵکی شاری سنە، پاش دوو حەوتوو لە دەسبەسەری، چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ڕەمەزان سوڵتانیان\"، پاش دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی، بە ئامادەبوونی مەئموورانی ئیتلاعاتی، چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، هەتا ئێستا لە \"گرتنی پارێزەر\" بێبەری بووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی ئەندامبوونی کوڕەکانی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، بەردەوام لەژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بووە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، خوێندکارێکی کورد لە زانکۆی \"ئازاد\"ی شاری خۆی، بە ناوی \"جەبار دودکانلو\"، کوڕی کاووس، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئەو خوێندکارە، چەند دەستە کلیکی نەخشێندراو بە ئاڵای کوردستانیان دۆزییەوە و دواتر ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

هەتا ئێستا، هێچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو خوێندکارە کوردە، لەبەر دەستدا نییە.