عارف محەممەدی لە زیندانی ورمێ مورەخەسیی پێ درا

17:31 - 27 رەشەمه 2719

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ڕەشەمە، "عارف محەممەدی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "باوان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تەمەنی ئیزنی مورەخەسیی پێ درا.

بە پشتبەستن بە بەخشنامەی نوێی هێزی دادوەری، زیندانییانێک کە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" و ماوەی زیندانییەکەیان کەمتر لە ٥ ساڵه، بە شێوەی کاتی مافی مورەخەسییان پێ دەدرێت.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٢١ ڕۆژ دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی، بۆ بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە ماوەی دەسبەسەرکرانی ئەو زیندانییە سیاسییەدا، ڕێگرییان کردبوو لە ئازادکردنی ناوبراو بە دانانی بارمتە.

"عارف محەممەدی"، ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" دادگایی کرا و بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ دوو ساڵ کەم کرایەوە و مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە فەرمی ئەو بڕیارەی پێ ڕاگەیەندرا.