یەکەم دامەزرێنەری باشگای وەرزشی لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد

20:53 - 30 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆنە وەرزشوانێکی کورد خەڵکی شاری کرماشان کە \"بە باوکی وەرزشی کرماشان\" ناسرا بوو، بە هۆی پیری و بە ساڵاچوویی لەو شارە کۆچی دوایی کرد.

محەممەد تەقی خوسرەوی، کۆنە وەرزشوانی کورد و باوکی وەرزشی شاری کرماشان لە تەمەن ٩٨ ساڵیدا، ماڵئاوای لە ژیان کرد.

جێگری وەرزش و لاوانی شاری کرماشان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\" ڕایگەیاند: محەممەد تەقی خوسرەوی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی، یەکەم باشگای وەرزشی لە شاری کرماشان بۆ وەرزشوانان دامەزراند.

بە وتەی جەلال عەزیزی: ئەو وەرزشوانە کوردە، دامەزرێنەری ڕشتەکانی ژیمناستیک، قورسایی و کێش هەڵگرتن، لەشجوانی لە شاری کرماشان بووە.
محەممەد تەقی خوسرەوی، بێجگە لە دامەزراندنی ئەو یانە وەرزشییانە، لە بواری ڕۆژنامەوانی وەرزشی و ڕاهێنەرایەتی دەستی باڵای هەبووە.

تەرمی ئەو وەرزشوانە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر، لە باخی فیردەوس ئەسپەردەی خاک دەکرێت.