یەکێکی دیکە لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت گیانی لەدەست دا

13:08 - 19 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی بەرکەوتووی کیمیابارانی سەردەشت، پاش ململانێی چەند ساڵە لەگەڵ نەخۆشی، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، یەکێک لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت بە ناوی "عەبدوڵڵا سەیدە"، گیانی لەدەست دا.

"عەبدوڵڵا سەیدە"، بەهۆی بەرکەوتنی گازی کیمیایی لە کاتی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە ساڵی ٦٦ی هەتاوی، تووشی چەندین نەخۆشی ببوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زۆربەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت خۆیان تێچووی دەوا و دەرمانی خۆیان دەدەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لە  چەندین ئاماری جۆراجۆر کرد و ڕایگەیاند: "ئاماری بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت، ٨٠٢٤ کەس بوو، بەڵام ڕەفسەنجانی لە قسەکانیدا لە نوێژی هەینیی ئەو کات باسی لە ٦٤٠٠ بەرکەوتوو کرد و هەروەها عەلی ئەکبەر ویلایەتی باسی لە ٤٥٠٠ کەس لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی ئەو شارەی کرد".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، حەشیمەتی ئەو کاتی سەردەست لە ساڵی ٦٦ی هەتاوی، ١٣ هەزار کەس بوون و بەو پێیە سێ لەسەر چواری خەڵکی ئەو شارە تووشی بەرکەوتنی گازی کیمیایی بوون.

شاری سنووریی سەردەشت لە باشووری ورمێ، لە ئێستادا زۆرترین ژمارەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی شەڕی ئێران و عێراقی لەخۆ گرتووە و بەپێی بۆچوونی پسپۆڕانی بیوکیمیایی، ئاسەوارەکانی ئەو کیمیابارانە بەرە بۆ بەرە لەسەر بەرکەوتووانی ئەو چەکە کاریگەریی دەبێت و ئاسەوارەکانی دەمێنێتەوە.

ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، سەردەشت لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کرا و لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی پاش کیمیابارانەکەدا، ١٤٠ کەس گیانیان لەدەست دا.