یەکێک لە کچە قوتابییەکانی رووداوی شیناوێ گیانی لەدەست دا

13:24 - 20 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرلە ئێوارەی دوێنێ یەکێک لە کچە قوتابییەکانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی گوندی \"شیناوێ\" لە نەخۆشخانەی \"سینا\"ی تەورێز گیانی لەدەست دا.

بەپێێ هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە کچە قوتابییەک کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی گوندی شیناوێ بەناوی \"سەیران یەگانە\" تەمەن ١٠ ساڵ کە زیاتر لە ٤٥%ی لەشی تووشی سووتان ببوو، بە هۆی قووڵی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی \"سینا\"ی تەورێز گیانی لەدەست دا.

هۆکاری مردنی ئەو کچە قوتابییە کێشەی هەناسە و سووتانی لەڕادەبەدەر راگەیەندراوە.

\"10112.jpg\"
سەرچاوەکە بەئاژانسی کوردپای راگەیاند: سەیران بە هۆی کۆبوونەوەی \"گازی ژەهراوی\" و لەناو پۆلەکەدا بە توندی تووشی کێشەی هەناسە ببوو.

رێکەوتی ١٥ی سەرماوەز بەهۆی تەقینەوەی کوورەی نەوتی قوتابخانەی \"ئینقلابی ئیسلامی\" لە گوندی \"شیناوێ\"ی سەر بە شاری پیرانشار ٣٧ قوتابیی کچی ئەو گوندە تووشی رووداوی ئاگر بوون.

ماڵپەڕی خەبەر ئانلاین رایگەیاندووە کە ١٥ کەس لەو کچە قوتابییانە لە نەخۆشخانەی تەورێز و ١٣ کەسیان لە نەخۆشخانەی ورمێ لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان کە باردۆخی جەستەیی ٤ کەس لەو کچە قوتابییانە جێگەی مەترسییە.

دوابەدوای ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی شیناوێ، بنەماڵەی ئەو قوتابییانە لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لەبەر دەرگای نەخۆشخانەی پیرانشار ناڕەزایەتییان دەربڕی.