مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی شێرزاد پایانیانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی ناڕوون

13:43 - 16 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شێرزاد پایانیانی" خەڵکی مەهاباد بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون ڕاگوێزرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی، ئەم هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی بێئاکام بووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها تا ئێستا چارەنووسی بە تەواوی نادیارە.

لە سیستەمی سەرکوت و دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بێبەشکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە بووەتە بابەتێکی ئاسایی و دەسبەسەرکراوان لە شوێنە نادیارەکاندا، بە تەواوی لە سەرجەم ئەم مافانە بێبەشن.