بانه؛ حەسەن مستەفازادە، کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەسەختی بریندار بوو

13:47 - 16 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "حەسەن مستەفازادە" خەڵکی شاری ڕەبەت سەر بە شارستانی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لەسه‌ر سنووری بانه بەسەختی بریندار بوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە بێ ئاگاداریی پێشوو لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگیی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: ئەم کۆڵبەرە دوای ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە بانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز ڕاگوازراوە.

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە بە ناوەکانی "گۆران خدری" و "بەختیار ئەمینی" کە خێزاندارن و خەڵکی گوندەکانی "نێزەڕۆ" و "دەوسێنە"ن، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و تەقینەوەی مین لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بەسەختی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە بانە ڕاگوێزراون.