مەریوان؛ بە دەسبەسەرکرانی زانیار ئەسوار، ئاریا مەعرووفی و پشتیوان تاتار ژمارەی دەسبەسەرکراوانی سەرەڕۆیانە لە ئاوایی «نێ» بۆ شەش کەس زیادی کرد
لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ لە شارەکانی کوردستان، بەرەبەیانیی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی «زانیار ئەسوار» کوڕی عەبدوڵڵا، «ئاریا مەعرووفی» کوڕی عەتا و «پشتیوان تاتار» کوڕی محەممەد خەڵکی ئاوایی «نێ»ی سەر بە مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. بە ئەژمارکردنی ئەم سێ ڕووداوە، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاوایی «نێ» بۆ شەش کەس زیادی کرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەیان بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ دەسبەسەر کردووە.
لە هەمان پێوەندیدا، بەرەبەیانیی پێنجشەممە ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی «سامان خوسرەوی» کوڕی عومەر، «هاوڕێ پەروازە» کوڕی عەبدوڵڵا و «سارۆ ڕەوشەنی» کوڕی شەوکەت خەڵکی ئاوایی «نێ»ی سەر بە مەریوان بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا ڕایانگەیاند: هێزە ئەمنییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم شەش هاووڵاتییە بە چەندین ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووەتە سەر ئاوایی «نێ».
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم شەش هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.