ئیلام؛ ڕاگواستنی کەیۆمەرس حەسەن بەیگی لە گرتنگەوە بۆ بەندیخانە دوای ١٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانە

13:52 - 16 گەلاوێژ 2726

١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ "کەیۆمەرس حەسەن بەیگی"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی "کارزان" سەر بە شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، دوای ١٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپاى ڕاگەیاند: "کەیۆمەرس حەسەن بەیگی" دوای ١٦ ڕۆژ ڕاگرتنی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزراوە. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و لێدانەوە لووتی شکاوە و بەهۆی بارودۆخی جەستەییی نیگەرانکەرەیەوە، بنەماڵەکەی داوای پێڕاگەیشتنی بەپەلەی پزیشکییان بۆ کردووە.

"کەیۆمەرس حەسەن بەیگی" ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژی و هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی ناڕوون ڕاگوێزرا. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانیشدا بەهۆی لێدانەوە بریندرا بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.