یەکێک لە ناڕازییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ ئێعدام کرا

11:22 - 15 گەلاوێژ 2720

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ١٥ی گەلاوێژ، حوکمی یەکێک لە ناڕازییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە ناوی "مستەفا ساڵحی"، لە زیندانی ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

هەواڵدەریی "میزان" لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "مستەفا ساڵحی بە تاوانی کوشتنی سەجاد شاسنایی، ئەندامی سپای پاسداران، لە کاتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦، مەحکووم بە ئێعدام کرابوو".

"مستەفا ساڵحی" لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئێعدام کردنی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییە ناڕەزایەتیی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتووەتەوە و نووسراوە: "مستەفا ساڵحی ئێعدام کرا هەتا هیچ کەس نەوێرێت ناڕەزایەتی دەرببڕێت".