یەکێک لە زیان لێکەوتووانی لافاوی کرماشان دەستبەسەر کراوە

14:13 - 2 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، یەکێک لە خوپیشاندەرەکانی بەرامبەر فەرمانداریی کرماشانیان، دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی کرماشان، بە ناوی عەلی عابدپوور بەهۆی بەشداریی لە خۆپیشاندانێک لە بەرامبەر بینای فەرمانداریی ئەو شارە، دەستبەسەر کرا.
عەلی عابدپوور، ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەوتوویە، دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەڵکی گوندی بووژان، خوازیاری پێدانی وام لە لایەن ناوەندە دەوڵەتییەکانەوە بوون کە سەرەڕای بەڵێنیی بەرپرسانی پارێزگا و فەرمانداریی کرماشان، داواکارییەکەیان بێ‏وەڵام ماوەتەوە.

لە یەک مانگی ڕابردوودا، بارینی باران، زیانی زۆری بە دانیشتووانی ئەو گوندە لە ناوچەی عوسمانوەندی کرماشان داوە و ئەگەری چۆڵ بوونی بووژان لەئارادایە.

هەر دوابەدوای ئەوە، دانیشتووانی گوندی بووژان، لە پارێزگای کرماشان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی ژیانیان دەربڕی، کە لە ئاکامدا دەستبەسەر کردنی ئەو گەنجە ٢٨ ساڵەی لێ‏کەوتەوە.

ماڵپەڕەکانی سەربە حکوومەت، لە زاری فەرمانداری کرماشانەوە بڵاویان کردەوە کە دەوڵەت هیچ بوودجەیەکی بۆ زیان لێکەوتووانی لافاوی گوندی بووژان تەرخان نەکردووە.

گوندی بووژان سەر بە بەخشی \"سەرفیرووزئاباد\"ی کرماشانە و نزیک بە ١٠٠٠ بنەماڵەی کوردی لێ دەژین.