یەکێک لە بەرێوەبەرانی ماڵپەڕی \"مجذوبان نور\" بە ١٢ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ناوچەی سەلاسی باوەجانی مەحکووم کرا

15:05 - 7 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری تاران، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی \"مجذوبان نور\"، بە ١٢ ساڵ زیندان، ٧٤ زەربە قامچی و ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ناوچەی سەلاسی باوەجانی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی \"مجذوبان نور\"، پایگای هەواڵیی فەرهەنگی دەروێشەکانی نعمەتوڵڵاهیی گونابادی\"، \"کەسەرا نووری\"، خوێندکاری باڵا لە بەشی ماف، لە زانکۆی تاران و یەکێک لە بەرێوەبەرانی ماڵپەڕی \"مجذوبان نور\"، بە حوکمی دادوەر ئەحمەدزادە، بەرپرسی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، بە ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری، ٧٤ زەربە قامچی و ٢ ساڵ دوورخرانەوە بۆ ناوچەی سەلاسی باوەجانی، ٢ ساڵ بە نەچوونەدەرەوە و ٢ ساڵ بێبەریکردن لە ئەندامەتی لە گرووپەکان و حیزبەکان و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و چالاکیی میدیایی مەحکووم کراوە.

ئەو چالاکە مافی مرۆیییە، کە لە دەروێشەکانی گونابادییە، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر پاش لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری تاران بۆ زیندانی تارانی گەورە گوازرایەوە.

پێشتر کەسەرا نووری، لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی هەتا نێوەڕاستی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە هۆی چالاکیی میدیایی لە پێوەندی لەگەڵ دەروێشەکانی گونابادی، ماوەی زیندانییەکی بە پلاکی ژمارەی سەدەوە، لە زیندانی عادڵاوای شیراز و زیندانی ئیڤین تێپەڕاندبوو.