یەکێک لە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان دەستبەسەر کرا

15:22 - 5 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: دەستبەسەرکرانی بەرپرسانی وەزارەتی وەرزش لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بەرۆکی ئیدارەی وەرزش و لاوانی شاری (سنە)شی گرتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسی ئیدارەی وەرزش و لاوانی شاری سنە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٤ی رێبەندان، بە بڕیاری دەزگای قەزایی و بە تۆمەتی \" گەندەڵی و سەرپێچی کردن\" دەستبەسەر کرا.

ئەو کەسە بۆ ماوەی ٥ ساڵ سەرپەرستی ئیدارەی حکوومەتیی وەرزش و لاوانی شاری سنەی لە ئەستۆ بووە.

پێشتریش ٥ کەس لە جێگران و ئەندامانی شۆرای ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی گەندەڵیی میلیارد تمەنی دەستبەسەر کرابوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، شوناسی ئەو بەرپرسەی ئیدارەی وەرزش و لاوانی \"س.ع\" راگەیاندووە، کە بە فرۆشتنی کەلوپەلی ئەو ئیدارەیە، بە بڕی یەک ملیارد تمەن تۆمەتبار کراوە.

دەستبەسەرکردنی ئەو بەرپرسە بەپێی بڕیاری دادگە بووەو رۆژی رابردووش سەرپەرستی نوێ بۆ ئیدارەی وەرزش و لاوانی شاری سنە دیاری کراوە.

نزیک بە مانگێک پێش ئێستا، وەزیری وەرزش و لاوانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید، باسی لە \"گەندەڵیی و ناشەفافیی ماڵی\" لە وەرزشی حکوومەتی ئیسلامیدا کردبوو.

کۆتاییەکانی مانگی رابردووش سێ کەس لە \"بەرپرسانی سەرپێچیکار\" لە بیاڤی وەرزشدا دەستبەسەر کرابوون.