یەکێک لە بژاردەکانی ئێران لە زیندان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی گورچیلە بووە

16:36 - 29 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی بژاردەی بەشی فیزیک لە زیندانی ئێوینی تاران تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکی هەیە.

هەواڵدەریی ئیلنا لەزاری پارێزەری ئومید کەوکەبی بڵاوی کردەوە، ئومید لە زیندان تووشی شێرپەنجەی گورچیلە بووە و پێویستە بە زووترین کات چارەسەریی \"نفروکتومی\" یان لابردنی گورچیلەی بۆ بکرێت، ئەگینا دەمرێت.

بە وتەی سەعید خەلیلی، ئومید بەپێی یاسا زیاتر لە دوو ساڵە دەتوانێ لە مافی ئازادی بێ‏مەرج کەڵک‏ وەرگرێ، بەڵام سەرەڕای نەخۆشییەکەی هەتا ئێستا لە زیندان ئازاد نەکراوە.

پارێزەرەکەی ئومید بە ئاماژە کردن بە مادەی ٥٠٢ی ڕێسای جێبەجێ‏کردنی سزاکان گوتی، بەپێی ئەو ڕێسایە ئومید بۆ چارەسەریی پزیشکی و نەشتەرگەریی نەخۆشییەکەی دەبێ ئازاد بکرێت، ئەگەرنا و لە ئەگەری وەدواخستنی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ئەو زیندانییە دەمرێت.

ئەو خوێندکارە بژاردەیە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و بنەماڵەکەی بۆ دەرمانکردنی کوڕەکەیان، داوکارییان ئاراستەی بەرپرسانی دەزگای قەزایی کردبوو.

پارێزەرەکەی ئەو خوێندکارە زیندانییە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێندێک کەس پێش بە ئازادیی ئەو زیندانییە دەگرن و گوتی، سەرەڕای دانی بەڵگەی تەواو لە سەر بێ‏تاوانیی ئومید و هەروەها سەلماندنی بێ‏تاوانیی ئەو لە لایەن دادگاوە، بەپێی یاسا دوو ساڵ پێش دەبوایە ئازاد بکرایە.

بە وتەی ئەو پارێزەرە، پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی‏دا، جەواد لاریجانی لە کاناڵی دووی تەلەفزیۆنی ئیران‏دا، بەڵێنی ئازادیی ئومیدی دابوو.

هێندێک لە براوەکانی خەڵاتی زانستیی نوبێل، ڕۆژی ٧ی ڕەزبەر ١٣٩٣ی لە نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، داوای ئازادیی بێ‏مەرجی ئومید کەوکەبیان بە هۆی نەخۆشییەوە کردبوو.

ئومید کەوکەبی تەمەنی ٣٠ ساڵە، دەرچووی زانکۆی سەنعەتی‏شەریفی تاران و خۆێندکاری دوکتورای فیزیای ئەتومی لە زانکۆی تێکزاسی ئامریکا، لە ڕێكەوتی ٣٠ی ژانویەی ساڵی ٢٠١١ی زایینی لە فڕۆکەخانەی خومینی دەستبەسەر کراوە و دوای ١٥ مانگ لە دەستبەسەری و ناڕوونیی چارەنووسی، لە ڕێکەتی ٤ی مانگی مای ٢٠١٢، لەلایەن دادوەر سەڵەواتیەوە بە تۆمەتی پێوەندەیی لەگەڵ دەوڵەتی ئامرێکا، ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕدرایەوە.