یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بەبۆنەی ڕووداوی بومەلەرزەی کوتۆل بڵاو کردەوە

10:30 - 9 رەشەمه 2719

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە ساتە سەرەتاییەکانی ڕووداوەکەوە کەوتە بیری گەیاندنی یارمەتیی پێویست بۆ لێقەوماوانی ڕووداوەکە و تیمێکی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی لێقەوماوان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دۆخەکە و پێداویستییە هەنووکەییەکان ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کرد".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانییانی بەڕێز، خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!

وەک ئاگادارن دیسان ڕووداوی سروشتی پارچەیەکی دیکەی نیشتمانەکەمانی تووشی ماڵکاولی و نەهامەتی کردووە و بەهۆی بوومەلەرزەوه ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی کورد لە ناوچەکانی کوتۆل (قوتوور) و... ئاوارە بوون. ئەگەرچی بەداخەوە لەو ڕووداوەدا زیانێکی زۆر لە ماڵ و حاڵی ژمارەیەک له هاونیشتمانییانمان کەوتووە بەڵام دیسان جێی خۆشحاڵییە کە ڕووداوەکە زیانی گیانیی نەبووە و ڕووبەری وێرانی و کاولبوونەکە زۆر نییە.

یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە ساتە سەرەتاییەکانی ڕووداوەکەوە کەوتە بیری گەیاندنی یارمەتیی پێویست بۆ لێقەوماوانی ڕووداوەکە و تیمێکی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی لێقەوماوان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دۆخەکە و پێداویستییە هەنووکەییەکان ڕەوانەی ئەو ناوچە کرد. بە خۆشحاڵییەوە لەبەر کەمبوونی ڕێژەی ڕووبەری وێرانییەکە، شوێنی نیشتەجێ بوونی لێقەوماوان، کەرستەی گەرمکردنەوە و پێویستییە سەرەتاییەکانی پاش ڕووداوی لەو شێوەیە تا ڕادەیەک دابین کراوە. ئێستا پێداویستییەکانی منداڵان و ژنان و لایەنی سڵامەتی، خزمەتی پزیشکی و پاراستنی تەندروستیی لێقەوماوان دەبێ لەبەر چاو بگیردرێت.

یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی لە شارەکانی کوردستان بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دەدات، ڕایدەگەیەنێت کە لەبەر دۆخی تایبەتی ناوچە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، لە شارە جیاوازەکاندا بە پلانی جیاوازەوە یارمەتی کۆ دەکاتەوە و خۆ لە دامەزراندنی شوێنی تایبەت بۆ هەڵمەتی کۆکردنەوی یارمەتی دەپارێزێت. هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی بە ناوی "زاگرۆس چاوەڕێمانە"وە دەبێت و  یارمەتییە کۆکراوەکان بەو پەڕی ئەمانەتەوە بە دەستی زیان لێکەوتووانی ڕووداوەکە دەگەیەنێت.

یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان

لقی بەڕێوەبەریی قەیران- زاگرۆس چاوەڕێمانە