یەکگرتن دژی ئێرانی ناوکی\": لە ئێراندا کرێن بۆ ئێعدام کردن بەکار دەبرێت

19:45 - 23 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: کەڵک وەرگرتنی حکوومەتی ئێران لە کرێنی ئامریکایی بۆ ئێعدام، ڕەخنەی هێندێک لە گرووپەکان و یەک لەوان \"یەکگرتن دژی ئێرانی ناوکی\"، بەدواوە بوو.

کۆمپانییەکی بەرهەمهێنەری پارچەی کەرەستە پیشەییەکان لە ئورووپا، دوای بڵاوبوونەوەی چەندین وێنە کە دەری دەخەن لە کرێنەکانی ئەوان بە مەبەستی ئێعدام لەپێش چاوی خەڵک کەڵک وەردەگیردرێت، ئەو پرسەی خستە بەر توێژینەوە و بەدواداچوونی خۆی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری \"فری بیکەن\" ئەو کۆمپانیا ئورووپاییە بە ناوی \"کارگوتەک\" ڕۆژی چوارشەممە، کەڵک وەرگرتن لە کرێنەکانی بۆ ئێعدام پشتڕاست کردووەتەوە.

لەو بوارەدا، ئەو گرووپانەی کە ڕەخنەیان لە دۆخی مافی مرۆڤ لەئێراندا هەیە، دەڵێن ئەو کۆمپانیایانەی وەکوو \"کارگوتەک\"، بە سەرنجدان بە دۆخی ئەوان کە پەیمانکاری دەوڵەتی ئامریکان، دەبێ بە مەبەستی پێشگرتن بە گەیشتنی ئەو کەرەستانە بۆ ئێران هەنگاوی زیاتر هەڵبگرنەوە.

چەندین وێنە کە تێیدا لە کرێنی کارگوتەک بۆ ئێعدام کەڵک وەرگیراوە، سەرەتای حەوتووی ڕابردوو لە لایەن ماڵپەڕەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کرایەوە کە ناڕەزایەتی و ڕەخنەی چەندین گرووپ و یەک لەوان \"یەگرتن دژی ئێرانی ناوکی\"(اتحاد علیە یک ایران اتمی) بەدواوە بوو. ئەو گرووپە هەڵمەتێکی بە مەبەستی ڕاگرتنی فرۆشی ئەو کەرستانە بە ئێران ، وەڕێخستووە.

یەکێک لە وتەبێژەکانی کۆمپانیای کارگوتەک ڕایگەیاندووە کە کاتێک ئەم کۆمپانیایە دەبینێت کە لە ئێراندا لە کەرەستەکانی ئەوان بۆ ئێعدامی هاووڵاتیان کەڵک وەردەگیردرێت، بەداخە و بە توندی ئەو کردەوانە رەد دەکاتەوە.

حکوومەتی ئێران بۆ ئێعدام لە پێش چاوی خەڵکدا، کەڵک لە کرێن وەردەگرێت کە ئەمەش بەپەرۆشبوونی زۆریک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی بەدواوە بووە.