یەلدا عەباسی: بە عەشقی لایەنگرەکانم لە نیوەی ئاهەنگەکەدا هۆڵەکەم بەجێ نەهێشت

20:41 - 17 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: یەلدا عەباسی یەکێک لە هونەرمەندانی گەنجی باکووری خوراسان، کە لە فێستیڤاڵێکی موسیقی شاری سنە بەشداریی کردبوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ ناوبراو، هۆڵی فێستیڤاڵەکەی بەجێ هێشت و لە وەرگرتنی لەوحی رێزلێنان خۆی بوارد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەلدا عەباسی کە بە دەعوەتی فەرمی بەڕێوەبەرانی \"فێستیڤاڵی میللی فەرهەنگ و هونەری نەتەوەکانی ئێران \" هاتبووە شاری سنە، دوابەدوای چەند جار پچڕانی دەنگی ناوبراو لە کاتی خوێندنی پارچەیەکی موسیقا، سەرەڕای پێداگری زۆری بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، هۆڵی فێستیڤاڵەکەی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ هۆتێلی شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆی لەو شارە.

ئەو هونەرمەندە لاوەی خەڵکی شاری شیروانی ئوستانی خوراسانی باکوور، هەروەها خۆی لە وەرگرتنی لەوحی رێزلێنانی فێستیڤاڵەکە بواردووە و وەری نەگرتووە.
یەلدا عەباسی لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: \" من تەنیا لە بەر رێزگرتن لە بەشداربوانی فێستیڤاڵەکە لە ناوەڕاستی پرۆگرامەکەدا هۆڵەکەم بەجێ نەهێشت ، لەبەر ئەوەیکە زۆرێک لەو بەشدابوانە بە عەشقی منەوە هاتبوون و منیش نەمدەتوانی ئەوان لەبەر چاو نەگرم.

یەکێک لە کچانی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند: \"دوابەدوای ئەوەیکە یەلدا عەباسی هۆڵەکەی بەجێ هێشت، بەشێکی بەرچاو لە کچانی سنەیی کە تەنیا لەبەر ئەو هونەرمەندە هاتبوون بۆ فێستیڤاڵەکە، گریان و دواتر ئەوانیش هۆڵەکەیان بەجێ هێشت\".

\"26387.jpg\"
یەلدا عەباسی: من تەنیا لە بەر رێزگرتن لە بەشداربوانی فێستیڤاڵەکە لە ناوەڕاستی پرۆگرامەکەدا هۆڵەکەم بەجێ نەهێشت ، لەبەر ئەوەیکە زۆرێک لەو بەشدابوانە بە عەشقی منەوە هاتبوون و منیش نەمدەتوانی ئەوان لەبەر چاو نەگرم
هەر لەو پەیوەندییەدا، رۆیا ئیسماعیلیان دایکی یەلدا عەباسی بە ئاژانسی کوردپای وت، کەم کردنەوەی دەنگی یەلدا بووە هۆی پەرۆشبوونی ژەنیارەکانیش و ژەنیاری دوتار دوابەدوای کۆتایی ئاهەنگەکە، ئامیری سازەکەی ماچ کرد و فێستیڤاڵەکەی بە جێ هێشت.

یەکێکی دیکە لەبەشداربوانی فێستیڤاڵەکە وێڕای پژراستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی، کە بەرپرسانی فێستیڤاڵەکە بە ئەنقەست دەنگی یەلەدا عەباسییان تەنیا لە بەر ژن‌بوونی کەم کردەوە بە چەشنێک لەنێو دەنگی ئامیرەکانی موسیقا و هاوخانە پیاوەکانی نەدەبیسترا.

ئەو کەسە وتیشی کە لەکاتی خوێندنی یەلدا عەباسی هەموو بلیتەکانی فێستیڤاڵەکە فرۆشراون و حەشیەمتێکی بەرچاویش لە پشت دەرگای هۆڵەکە و لەنێو شەقامەکان مابوونەوە.

لابردنی هونەرمەندانی ژن دوای هاتنە سەرکاری حەسەن روحانی و لە هاوینی ساڵی رابردووە دەستی پێکردووە و لەو ماوەیەدا پێش بە چەندین کۆنسێرت کە هونەرمەندانی ژن تێیدا بەشدار بوونە، گیردراوە.
پێشتر، رۆژنامەی \'\'شەرق\" چاپی تاران لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە لە ١٣ ئوستانی ئێران هونەرمەندان و ژەنیارانی ژن مافی بەشداری کردنی لە رێوڕەسم و فێستیڤاڵەکانیان نییە.

حوسێن عەلیزادە ژەنیار و ئاهەنگسازی ئێران لەبەرانبەر سڕینەوەی ژنان لە موسیقای ئێراندا دژکردەوەی نیشان داوە و وتبووی: \" لە رابردودا ژنان تەنیا لە چەند شاردا نەیاندەتوانی بڕۆنە سەر سێن، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی شارەکان خەریکە رێک دەکەون کە ئیزن نەدەن ژنان بچنە سەر سێن و لە گرووپەکانی موسیقادا بەشداریی نەکەن\".

یەلدا عەباسی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شاری شیروانی ئوستانی خوراسانی باکوور لەدایک بووە و ساڵی ٨٧ لەلای مامۆستایانی موسیقای قوچان دەستی بە فیربوونی دوتار کرد.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ٨٩ یەکەمین ئەلبوومی هونەری خۆی بە هاوکاری دایکی و موحسێن میرزازادە لەژیر ناوی \"کووات\" بڵاو کردەوە کە لەگەڵ پێشوازیی بەرینی کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان بەرەوڕوو بوویەوە.
یەلدا عەباسی پاش دوو ساڵ ئەڵبوومی \"کووات ٢\"ی ئامادە کرد کە هەتا ئێستا لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە مۆڵەتی بڵاو بوونەویە پێ نەدراوە.