یەدوڵڵا نامجوو لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد

20:40 - 24 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هونەرمەندان و خۆشنووسانی شاری سنە، بە هۆی پیری لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز، یەدوڵڵا نامجوو، شێوەکار، نووسەر و خۆشنووسی شاری سنە بە هۆی نەخۆشی و پیریەوە ماڵئاوایی لە هونەرمەندان و دونیای هونەر کرد.

مامۆستا یەدوڵڵا نامجوو لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی و پیریەوە کۆچی دوایی کرد.

یەدوڵڵا نامجوو بۆ ماوەی هەشت دەیە خەریکی کاری هونەری بووە و خزمەتێکی زۆر و بەرچاوی لە بواری شێوەکاری و نووسین و خۆشنووسی بە کوردستان کردووە.

ساڵی ڕابردوو (١٣٩٤) هەتاوی لە لایەن بیاڤی هونەریی کوردستان و ئەنجومەنی ڕیزگرتن لە \"مفاخر کوردستان\" بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی شاری سنە ڕیز لەو هونەرمەندە گیرا.

ئەو هونەرمەندە کوردە، لە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە و بە وتەی یەکێک لە نزیکانی هەتا تەمەنی ١٧ ساڵی بە دوورخراوەیی لە شاری کرماشان بووە و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا چووەتە ناو دونیای هونەر و فێری وێنەکێشان و خۆشنووسی دەبێت و لە تەمەنی گەورەساڵیدا بووەتە مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سنە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، تەرمی ئەو هونەرمەندە کوردە بە ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و بەشێک زۆر لە خەڵکی شاری سنە لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی بە خاک ئەسپێردرا.