یووسف ئەمینی بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

10:39 - 4 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٣ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یووسف ئەمینی" تەمەن ٥٢ ساڵ خەڵکی گوندی "گورگاوێـ"ـی شاری شنۆ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بەڕێوە چوو و دادگا ناوبراوی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە، بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو و پاش "تەسلیم بە ڕەی" (تسلیم بە رای) بۆ ١٨ مانگ کەم کراوەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، یووسف ئەمینی بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شنۆ ئازاد کرابوو.