\"یووسف کاکەمەمی\" لە زیندان ئازاد کرا

14:57 - 4 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرمانان، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی \"یووسف کاکەمەمی\" کوڕی \"عوسمان\"، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندانی تەورێز ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ دەسبەسەر و بە وتەی بنەماڵەی \"کاکەمەمی\"، یووسف لە هیچ یەک لە قۆناغەکانی دادسەریدا پارێزەری نەبووە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێدا، لەژێرگوشار و لێپرسینەوەدا بووە و لە کاتی لێکۆڵینەوە و لە دادگاشدا، تەواوی تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ڕەت کردبووەوە.

\"یووسف کاکەمەمی\"، بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ی هەتاویدا، دەسبەسەر و دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، ٩ ساڵ زیندانیی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕیبووەوە.

\"یوسف کاکەمەمی\"، بەهۆی ناردنی نامەیەک بۆ \"ئەحمەد شەهید\"، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، سزای ٥ ساڵ زیندانیی دیکەشی بۆ زیاد کرابوو.

ڕۆژی ٣١ی خاکەلێوەی ٩٦، ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، بە بیانووی ڕەوانەکردن لە زیندانی ورمێ ، بانگهێشتی نووسینگەی نیگەهبانی کرا و بە شێوەی نایاسایی، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری تەورێز دوورخرابووەوە.